پێشنیازی پێدانی سیستمی بەرگری بۆ پێشمەرگە دەکرێت

K24 - واشنتن:

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕگەیەکی بۆ هەمواری یاسای وەزارەتی بەرگریی 2024ی زیادکردووە و داوا دەکات سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بە هێزەکانی پێشمەرگە بدرێت. بڕگەکە بە پێشنیازی ئێرنی ئاودینۆ، لە پارتی کۆمارییەکان بووە.

دێریک هارڤی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هەمووارێکیان بۆ پڕۆژە بڕیاری بەرگریی نیشتمانیی زیادکردووە کە پشتگیری لە دابینکردنی چەک و پێداویستی زیاتری سەربازی بۆ هاوبەشەکانمان لە هێزی پێشمەرگە دەکات.

راشیگەیاند، یەکێک لەو پێداویستیانە توانای بەرگریی ئاسمانییە کە زۆر لە سەرکردە ئەمریکییەکان لەو بڕوایەدان ئەمە پێویستە بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن.

لەلایەکی دیکە، ترێنت فرانکس ، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی ئەمەریکا، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پێموایە ئەمە تەواو پەیوەستە بە ئیدارەی بایدن، چونکە کە بۆ جاری یەکەم پێشنیازەکەم پێشکێشکرد، ئیدارەی ئۆباما لە ئەنجوومەنی پیران دژی وەستانەوە. ئەوان توانیان بۆ ماوەیەکی درێژ دوای بخەن، "بەڵام خۆشبەختانە دواتر توانیمان بەسەر ئەوەدا زاڵ بین بەتایبەت کە کوردەکان سەرکەوتووانە توانیان ئێزیدییەکان و ئەوانی دیکە بپارێزن کە لەلایەن داعش هێرشیان کرایە سەر".