سعوودیە: لە ماوەی 54 ساڵدا زیاتر لە 99 ملیۆن کەس فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە

K24 - هەولێر

سعوودیە رایگەیاند، لە ماوەی 54 ساڵدا پێشوازیان لە زیاتر لە 99 ملیۆن حاجی کردووە.

بەپێی ئەو ھەواڵەی لە ئاژانسی ھەواڵی SPAی فەرمی سعوودیە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کرا کە دامەزراوەی ئاماری گشتی سعوودیە لە ساڵی 1968ەوە دەستی بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ژمارەی ئەو کەسانە کردووە کە سەردانی خاکی پیرۆزیان کردووە.

لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە تا ساڵی 2022، لە ماوەی 54 ساڵی رابردوودا پێشوازی لە زیاتر لە 99 ملیۆن حاجی کراوە.

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی سعوودیە ئامارێکی روونیان لەبارەی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئاشکرایان کردبوو کە بۆ ساڵی 2023 ئامادەکاری بۆ ھەمان ژمارەی پێش ھاتنی پەتای کۆرۆنا دەکەن.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە دامەزراوەی ئاماری سعوودیە بڵاوکراونەتەوە، دوو ملیۆن و 400 ھەزار حاجی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات تۆمارکراون.

لە چوارچێوەی دیدگای وڵات بۆ ساڵی 2023، لەگەڵ فراوانکردنی مزگەوتی ئەقسا و کۆتایھاتنی پەتای کۆڤید-19، ھەوڵی زیادکردنی ژمارەی حاجیان دەدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە نێردەی حەجی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، لە کۆی ئەو کەسانەی کە خوازیاری ئەنجامدانی فەریزەی حەجن، تا ئێستا 29 ھەزار و 121 کەس لە عێراقەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە سعوودیە.

راشیگەیاندووە، لەو ژمارەیە 16 ھەزار و 918 کەسیان دوای ئەوەی پرۆسه‌ی سەردانیکردنی مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە شاری مەدینەیان تەواوکرد، یەکەم روکنی فەریزەی حەجیان ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە شاری مەککە و 12 ھەزار و 203 کەسەکەی دیکەیش بۆ بەجێگەیاندنی یەکەم روکنی فەریزەی حەج لە شاری مەدینەن.

پێشتر دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رایگەیاندبوو، 37 ھەزار کەس لە عێراق دەتوانن بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، بچنە سعوودیە.