کونسوڵی بەریتانیا: هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی ناوازەدایە لە بەشداریی ئافرەتان لە پڕۆسەی سیاسیدا

رۆزی کەیف، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان
رۆزی کەیف، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی ناوازەدایە لە بەشداریی ئافرەتان لە پڕۆسەی سیاسی و بوارەکانی دیکەدا ". داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات زیاتر پاڵپشیی لە پێگە و ڕۆڵی ئافرەتان بکات.

ئەمڕۆ شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023، رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەشداریی ئافرەتان لە کاروباری دیپلوماسی، میوانی بەرنامەی "بەیانی24"ـی کوردستان24 بوو.

لەبارەی کارکردنی ئافرەتان و خانمان لەناو دامودەزگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و بەشدارییان لە بڕیاری چارەنووسسازدا، کونسوڵی بەریتانیا گوتی، "زۆر گرنگە کە دەبینین کۆمەڵێک سەرکردەی ئافرەت هەیە، لە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی سیاسەت، بازرگانی، هونەری، وەرزش، میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی کاردەکەن. من خۆم دەیان ئافرەتی بەتوانام بینیوە".

کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد پاڵپشتیی زیاتری رۆڵی ئافرەتان بکات و دڵخۆشی خۆی بۆ "بەشداریی کارای" ئافرەتان و خانمان لە کاروباریی سیاسی و کاروباری دیکەدا دەربڕی. گوتیشی، "پێویستە خانمان زیاتر کاربکەن و پەرە بە توانەکانیان بدەن".

وەکو ئەوەی  رۆزی کەیڤ باسی لێوە کرد، "هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی ناوازەدایە لە بەشداریی ئافرەتان لە پڕۆسەی سیاسی و لە بوارەکانی دیکەشدا. زۆر دڵخۆشم کە دەبینم ئافرەتان دەتوانن لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا ڕۆلێکی کاریگەر ببینن".