چیایی تەیموور: رێككه‌وتنی سیاسی بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسای نه‌وت و گاز لە ئارادایە

چیایی تەیموور، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
چیایی تەیموور، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند، رێككه‌وتنی سیاسی بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسای نه‌وت و گاز له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان له‌ ئارادایه‌.

ئەمڕۆ شەممە (24ـی حوزەیرانی 2023)، چیایی ته‌یموور، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشكرایكردووه‌، په‌رله‌مان ئاماده‌یه‌ له‌خولی یاسادانانی ئێستایدا گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ند یاسایه‌ك بكات كه‌ له‌ هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت رێككه‌وتنی له‌سه‌ركراوه‌، له‌نێویاندا یاسای نه‌وت و گاز هه‌یه‌.

ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، ده‌شڵێت: گفتوگۆی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی یاسای نه‌وت و گاز به‌رده‌وامه‌ له‌پێناو په‌له‌كردن له‌سه‌ر ده‌رچوواندنی یاساكه‌دا.

هاوكات سه‌رغام مالیكی له‌ لیژنه‌ی نه‌وت و گازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یاسای نه‌وت و گاز له‌ یاسا گرنگه‌كانه‌ و مافی عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاست مسۆگه‌ر ده‌كات.

راشیگەیاند، هەردوو حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕێی كۆتاییهاتنی پشووی وه‌رزی یاسادانانی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن و دوای رێككه‌وتنیان یاساكه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی (14ــی حوزەیرانی 2023)، نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ــی کوردستان24، رایگەیاند، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتنیان واژوو کرد،  لەو چوارچێوەیەدا لیژنەیەکیان پێکهێنا و نووسراوێکیان ئامادەکرد و رەوانەی ئەنجوومەنی راوێژکاری کرا، بەڵام تاکو ئیستا پرۆژەیاساکە نەهاتۆتە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسەندبکرێت.

هەروەها راشیگەیاند، لەکاتی گەڕانەوەی یاساکە لە ئەنجوومەنی راوێژکاری بۆ ناو پەرلەمانی عێراق هەڵسەگاندنی بۆ دەکرێت و بۆ ئەوەی بە شەفافی جێبەجێبکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا. هاوکات محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سووره‌ له‌سه‌ر ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و گاز به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ری رێككه‌وتوون، کە لە بەرژەوەندی هەموو پارێزگاکانی عێراقدا بێت.