ساڵانە نزیکەی چوار هەزار تۆن برنج لە گەرمیان بەرهەمدەهێندرێت

K24 – گەرمیان:

دوای ئه‌وه‌ی بەهۆی کەمی ئاوەوە ماوه‌ی دوو ساڵ رێگری له‌ جووتیارانی گەرمیان كرا لە زۆربەی ناوچەکان تا مەرەزەی برنج نه‌كه‌ن، ئەمساڵ جارێکی دیکە دەستیانکردووتەوە بە مەرەزەکردنی برنج، بە گوێرەی ئامارەکانیش توانای بەرهەمهێنانی ساڵانە لە سنووری گەرمیان نزیکەی چوار هەزار تۆن برنج دەبێت. 

زانا کە جووتیارێکی ناوچەی گەرمیانە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانی رابردوو رێگری لەو کارەمان دەکرا بەهۆی کەمی ئاوەوە، ئەمساڵ بەهۆی بەرزی رێژەی بارانبارینەوە رێگامان پێدراوە و جارێکی دیکە دەستمان کردووەتەوە بە مەرەزەکردنی برنج.

ئەو جووتیارە ئاماژەشی بەوەکرد، ئەمساڵ لە چاو ساڵانی پێشوو بەرهەمەکەیان زۆر نییە، ساڵانی پێشوو مەرەزکردنەکە نزیکەی 20 بۆ 30 تۆن چەڵتووک بوو، بەڵام ئەمساڵ کەمیکردووە بۆ نزیکەی سێ تۆن چەڵتووک.

بە بەراورد بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە، چاندن و بەرهەمهینانی برنج کاتی زۆر و ماندوبوونی زۆری دەوێت، بەڵام جووتیاران خەمی بە بازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکەیان نییە، چونکە خواستی زۆر لەسەر برنجەکەیان هەیە و نرخەکەشی بە دڵی جووتیارانە.

جووتیاران دانشتووی گوندی بەکرەشەلی گەرمیان، چەندین دەیەیە پارێزگاری لە تۆی برنجەکانیان دەکەن، ئەوەش وایکردووە خواستێکی زۆر لەسەر برنجەکەیان هەبێت و به‌ ئاسانی له‌بازاڕدا ساغی بكه‌نه‌وه‌.

ساڵانە لە سنووری گەرمیان زیاتر لە سەد جووتیار لەسەر رووبەری نزیکەی دوو هەزار و 800 دۆنم زەویدا، مەرەزەدەکەن و بەرهەمه‌كه‌شیان دەگاتە نزیکەی چوار هەزار تۆن برنج.