ئهمساڵ پێنج ههزار دۆنم زهوی له بەردەڕەش به شووتی داچێندراوە
K24 - بەردەڕەش
ئەمساڵ جووتیارانی قەزای بەردەڕەش لەسەر رووبەری پێنج هەزار دۆنم زەوی شووتیان چاندووە، چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمەکەی بگاتە حەوت هەزار تۆن، ئێستاش بەرهەمی شووتی بەردەڕەش هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق دەکرێت.
ئەردان عەجیل، جووتیارێکی سنووری بەردەڕەشە ئەمساڵ زیاتر لە 40 دۆنم زەوییەکەی بە شووتی داچاندووە، ئەو دەڵێ: "ئەمساڵ شووتی زۆر کراوە، ئەمەش کاریگەری دەبێ لەسەر نرخ، چونکە شووتی لە یەک کات پێدەگات و ناتوانی لە لێکردنەوە و فرۆشتن دوای بخەیت".
جووتیارێکی ئەو ناوچەیە بەناوی محەممەد عەبدوڵڵا، ئاماژە بەوەدەکات، کە بەرهەمی شووتی ئەمساڵ وەکو ساڵانی رابردوو باش نییە، هۆکارەکەشی بۆ کەشوهەوا دەگەڕێنێتەوە.
شەمسوڵا یاسین، بازرگانێکی کڕین و فرۆشتنی شووتییە، ئەو دەڵێ: "هۆکاری دابەزینی نرخی شووتی لە ئەمساڵدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەمی شووتی ئەمساڵ لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق لە یەک کاتدا پێگەیشتووە".