پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆیەکی هیندستان دەکات؛ "هەڵگری بڕوانامەی ساختەن"

نەهلە ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق
نەهلە ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی زانکۆیەکی هیندستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق ژمارەیەک قوتابی، کە خۆیان وەکو دەرچووی زانکۆکە ناساندووە، دامەزراندووە. لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئاگاداری بابەتەکەن و لێکۆڵینەوەی لێ دەکەن.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زانکۆی "ناگبوور"ـی هیندستان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، حکومەتی عێراق 26 قوتابی دامەزراندووە، کە خۆیان وەکو دەرچووی زانکۆکەیان ناساندووە، لە کاتێکدا هەڵگری "بڕوانامەی ساختەن" و خوێندنەکەیان تەواو نەکردووە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەو زانکۆیەی هیندستان ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو 26 قوتابییە لە "بڕوانامە ساختەکانیاندا" خۆیان وەکو دەرچووی ساڵانی 2020-2021 ناساندووە، کەچی "بەهۆی پەتای کۆرۆناوە" ئەو ماوەیە پڕۆسەی خوێندن وەستابوو و ئەو قوتابییانە دەوامیان نەکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی حوزەیرانی 2023، نەهلە ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 گوت، هەواڵەکەیان لە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بینیوە و لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی بابەتەکە پێکهێناوە.

لەبارەی ئەوەی، کەی لیژنەکە دەست بە کارەکانی دەکات، بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق لیژنەکە "دوای جەژنی قوربان" دەست بە کارەکانی دەکات و دواتر ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتیی دەخرێنەڕوو.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 15ی ئایاری 2023، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگه‌یاند، محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ستپێكردنی ستراتیژیه‌تی نیشتیمانی بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردن (2022-2023) وپلانی ناردنی پێنج هه‌زار قوتابی بۆ خوێندنی باڵا له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ بوار و تایبه‌تمه‌نده‌ جیاجیاكان راگه‌یاند.