وەزیری تەندروستی: پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

کۆنگرەی رۆژنامەوانی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەوانی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تا ئەمڕۆ 11 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم تۆمارکراون، لەو ژمارەیە پێنج تووشبوو گیانیان لەدەستداوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی حوزەیرانی 2023، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و پلانی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان سازکرد.

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی، "بەگوێرەی دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی، کە دوێنێ یەکشەممە دەستمان گەیشتووە؛ لە عێراق 865 گومانلێکراو، کە گومانیان لێ دەکرا بە تای خوێنبەربوونبن تووشبووبن، تۆمارکراوە. لەو ژمارەیە 265 حاڵەت پشتڕاستکراونەتەوە و 69 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە".

لەبارەی ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی روونیکردەوە، "تا ئێستا 23 گومانلێکراو بە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان دۆزراوتەوە؛ لەو ژمارەیە، 11 حاڵەت پشتڕاستکراونەتەوە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن". لەو 11 حاڵەتە وەکو وەزیری تەندروستیی ئاشکرایکرد، پێنج تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.

بەگوتەی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، تیمەکانی گەڕان و بەدواداچوونی سەر بە وەزارەتەکە "بەشێوەیەکی چالاکانە" لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی هەرێم کاریان لەسەر دۆزینەوەی حاڵەتەکان کردووە و ئەگەر کەسێک گومانی لێکرابێت تووشبووبێت، تێستیان بۆ گومانلێکراوەکە و ئەو کەسانەی بەریەککەوتنیان لەگەڵیدا هەبووە، کردووە. گوتیشی، "ئەگەر پشتڕاستکرایەوە کەسێکی گومانلێکراو تووشبووی تای خوێنبەربوونە، دەخرێتە ژێر چاودێریی تیمەکانی تەندروستییەوە بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکیی پێویست وەربگرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە 25ـی حوزەیرانی 2023، یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سنووری كۆیە تۆماركرا. شێروان جەلال، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی كۆیە بە كوردستان24ـیی راگەیاند، هاووڵاتییەكە دانیشتووی گوندی سماقوڵیی بووە، تەمەنی لە نێوان 70 - 75 ساڵیدا بووە و نەخۆشی درێژخایەنی فشاری خوێنی ھەبووە.

بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40ـە. تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.