میدیاکانی رووسیا: دۆسییەی یاخیبوونی سەرۆکی ڤاگنەر هێشتا کراوەیە

ڤلادیمێر پوتن و یەڤگینی پریگۆژین
ڤلادیمێر پوتن و یەڤگینی پریگۆژین

K24 - مۆسکۆ:

میدیاکانی رووسیا بڵاویانکردەوە، دۆسییەی یاخیبوونی یەڤگینی پریگۆژینی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر هێشتا کراوەیە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

پێش نیوەڕۆی شەممە 24 ی حوزەیرانی 2023  ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گووتارێکدا کە لە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی بڵاوکرایەوە، هەنگاوەکەی پریگۆژین و گرووپی ڤاگنەری بە (خیانەت) ناوبردوو، راشیگەیاند، هەموو یاخیبوویەک و خیانەتکارێک لەناودەبات.

ئەم قسانەی پوتن لەکاتێکدا هاتن کە پریگۆژین بنکە سەربازییەکانی سوپای رووسیای لە شاری راستۆڤ کۆنتڕۆڵ کرد و دواتریش ویستی بەرەو مۆسکۆ بکەوێتە ڕێ، بەڵام دوای هەوڵ و نێوەندگیری ئەلیکساندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی بێلاڕووس، پریگۆژین رازی بوو، جوڵەی هێزەکانی بوەستێنێت و بیانگەڕێنێتەوە کەمپەکان.

شەوی 24-6-2023 دیمتری پیسکۆڤی گوتەبێژی کریملن رایگەیاندبوو، دۆسییە تاوانکارییەکانی پریگۆژین هەڵدەوەشێنرێنەوە و دەچێتە بێلارووس.

دوێنێ یەکشەممە 25-6-2023 ئەندرێی کاراتاپۆلەڤ سەرۆکی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە ئەنجومەنی دۆمای رووسیا رایگەیاند، ئەندامانی گرووپەکەی ڤاگنەر لە راستۆڤ هیچ شتێکی سەرزەنشتکراویان نەکردووە، ئەوان فەرمانی فەرماندەییەکەیان جێبەجێ کردووە.

لەکاتێکدا پریگۆژین هێزەکانی کشاندەوە و خۆشی روویکردووەتە بێلارووس، بەڵام بەپێی میدیاکانی رووسیا، دۆسییەکەی بەکراوەیی ماوەتەوە، دەزگای ئاسایشی فێدراڵی رووسیا FSB بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانی، چونکە بەڵگەی تەواو نین بۆ داخستنی دۆسییەکە