پوتن و رەئیسی له‌رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ تاووتوێی پێشهاتەکانی رووسیایان کرد

K24 – هەولێر:

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرۆكکۆماری ئێران ئیبراھیم رەئیسی، ھەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو رووداوانە کرد کە لە 24ی حوزەیران لە رووسیا روویاندا.

بەگوێره‌ی راگەیەندراوێک کە لەلایەن كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا (کرملین)ەوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانه‌ی پەیوەندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ نێوان ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا و ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆككۆماری ئێران، رەئیسی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ حکومەتی رووسیا سەبارەت بە رووداوەکانی 24ی حوزەیران دەربڕیووە.

ھاوکات ھەردوولا پەیوەندییەکانی نێوانیان و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانیان لە بوارەکانی بازرگانی، وزە و گواستنەوەدا تاووتوێکرد.

ھەر لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پرسە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە سەقامگیریی باشووری قەوقاز و چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا خرانە بەر باس. ھەروەھا ھەردوو لا ھاوڕابوون لەسەر درێژەدان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان.

پوتین بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە رەئیسی و گەلی ئێران کرد.

دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمنیی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆجین، سوپای رووسیای بەوە تاوانبار کردبوو ھێرشی کردووەتە سەر ڤاگنەر و ھەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردبوو. چەکدارانی ڤاگنەر ئۆکرانیایان جێھێشتبوو و چووبوونە نێو ناوچەی رۆستۆڤ لەسەر سنوور.

لە بەرامبەر ئەوەدا دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا، بە تاوانی "یاخیبوونی چەکداریی" سکاڵای تۆمارکردبوو.

ھاوکات سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن یاخیبوونەکەی ڤاگنەری بە "ناپاکی لە نیشتمان" ناوبردبوو.

یەڤگینی پریگۆجین رایگەیاندبوو کە بەرەو مۆسکۆ دەچن.

ژمارەیەک ھەواڵ لەسەر ئەوەی چەکدارانی ڤاگنەر لەدوای رۆستۆڤ لە ڤۆرۆنێژیش بینرابوون، بڵاوکرابوونەوە.

دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمنی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆجین رایگەیاندبوو: "لە بەرپرسیارێتی رژانی خوێنی ھاووڵاتیی رووسیا لە ریزی یەکێک لە لایەنەکان تێگەیشتوون و بەپێی پلانەکە کاروانەکانیان دەگەڕێننەوە کەمپەکانیان.

گوتەبێژی کرملین، دیمیتری پیسکۆڤ رایگەیاندبوو، ئەو دۆسیەی دژی پریگۆجین کرابووەوە دادەخرێت و ناوبراو دەچێتە بێلاڕووس.