لە بەغدا تای خوێنبەربوون بازاڕی ئاژەڵانی لاوازکردووە

K24 – بەغدا:

بازاڕی ئاژەڵان لە پایتەختی عێراق داکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە، قەبارەی فرۆش بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمی کردووە. هۆکارەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرزی نرخیش تاوەکو ئێستا خەڵکێکی زۆر لە توانایاندا نییە گۆشت بکڕن.

قەحتان ئەحمەد، فرۆشیاری ئاژەڵ، تایبەت بۆ کوردستان24، گوتی: "بەهۆی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بازاڕمان لاوازە و کڕیاری ئاژەڵ کەمە ، ساڵانی رابردوو بازارمان جمەی دەهات، کڕیار زۆربوو ،کەچی ئەمساڵ بازاری ئاژەڵانمان سست و لاوازە".

 هاوکات محەمەد جاسم، کڕیار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هاتووین ئاژەڵێک بۆ قوربانی بکڕین، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون دوودڵین و ترسمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نرخی گۆشت هێشتا گرانە یەک کیلۆی بۆ سەرووی بیست هەزار دینار بەرزبۆتەوە".

تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.

دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.

بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).