محەممەد شیمشەک: یەدەگی بانکی ناوەندیی تورکیا زیادیکردووە

محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا

K24 – هەولێر:

وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو کۆی یەدەگی بانکی ناوەندی بەشێوەیەکی پێوانەیی زیادیکردووە.

محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، هەفتەی رابردوو یەدەگی بانکی ناوەندی تورکیا بەشێوەیەکی پێوانەیی زیادی کردووە و لە مێژوودا بۆ یەکەم جارە لەماوەی یەک هەفتەدا 8.5 ملیار دۆلار زیادبکات.

هاوکات محەمەد شیمشەک ئاشکرایکرد بەردەوام دەبن لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئابووری ژیرانە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری وڵاتەکەی.

تویتەکەی شیمشەک دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو دوای 27 مانگ بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی لە 8.5%ـەوە بۆ لە 15% بەرزکردبووەوە لەپێناو بەرزکردنەوەی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار.

ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای دەستبەکاربوونی محەمەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا هات کە راستەوخۆ حەفیزە گایە ئەرکانی لە (9ـی حوزەیرانی 2023) وەک سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەستنیشانکرد.

هەروەها ئەنجوومەنی سیاسەتی دراوی سەر بە بانکی ناوەندیی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا گلۆپی سەوزیشی هەڵکردووە بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی و ئەم بڕیارەشی لەپێناو بەرزکردنەوەی بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلارە لەکاتێکدا لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی 25 لیرەی تێپەڕاند.

ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی سیاسەتی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای دوو رۆژ لە بەرزکردنەوەی کەمترین رێژەی مووچە لە تورکیا دێت لەلایەن کۆمیسیۆنی دیاریکردنی کەمترین مووچە لە تورکیا، کە بە رێژەی 34% زیادکرا و گەیشتووەتە 11 هەزار و 420  لیرە کە دەکاتە 480 دۆلار.

رۆژی (19ـی حوزەیرانی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە 30ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی کۆڕبەندی هەناردەکارانی تورکیادا رایگەیاند ئامانجمان ئەوەیە کە هەناردەی تورکیا تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ 265 ملیار دۆلار بەرزبکەینەوە، هەروەها لە ساڵی داهاتووشدا ئاستی هەناردەکردن بۆ 285 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.

دوای تەواوبوونی رێورەسمی سوێندخواردن وەک سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتو، شەوی (3ـی حوزەیرانی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کابینەی نوێی حکومەتی راگەیاند، کە بە دووەم کابینەی حکومەتی تورکیا لە سیستمی سەرۆکایەتی دادەنرێت و زۆربەی ئەو وەزیرانەشی لەم کابینەیەدا لەلایەن ئەردۆغانەوە دەستنیشانکراون کەسایەتی نوێن و 15 وەزیری کابینەی پێشوو لەم خولەی پەرلەماندا کورسی پەرلەمانییان لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایار بەدەستهێناوە.

رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بوو و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێنا.

هەروەها بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی (کە لەو لیستەدا پارتی ده‌ڤا 15 کورسی، پارتی ئایندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێناوە)، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.