بینا هەڵکۆ: گۆشت بە کوڵاندن مەترسی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونی لەسەر نامێنێت

بینا هەڵکۆ، پسپۆڕی پزیشکی تەندروستی کۆمەڵ
بینا هەڵکۆ، پسپۆڕی پزیشکی تەندروستی کۆمەڵ

K24 – هەولێر:

پسپۆڕی پزیشکی تەندروستی کۆمەڵ، رایدەگەیەنێت، تاوەکو زیاتر بەرەو وەرزی گەرما بچین حاڵەتەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون روو لە زیادبوون دەکەن. هاوکات دەشڵێت: گۆشت بە کوڵاندن مەترسی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونی لەسەر نامێنێت.

بینا هەڵکۆ، پسپۆڕی پزیشکی تەندروستی کۆمەڵ، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، حاڵەتەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بە شێوەکی گشتی لە هەموو شارەکانی عێراق روو لە زیادبوونە، هەروەها نەخۆشییەکە لەڕیگەی گەنەوە لەسەر پێستی ئاژەڵ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ هەروەها بۆ ئاژەڵی دیکە، تا بەرەو گەرما بڕۆین گەنەکان زیاتر چالاک دەبن و حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون روو لە زیادبوون دەکەن.

پسپۆڕی پزیشکی تەندروستی کۆمەڵ، داواکارە هاووڵاتیان قوربانی لە سەربڕخانەکاندا ئەنجامبدەن، وەک خۆشی ئاماژەی پێدا، لە سەربڕخانەکان پیش سەربڕین و دوای سەربڕین پشکنین بۆ گۆشتی ئاژەڵەکە دەکرێت کە دڵیانبوونەوە تەواو تەندروستە ئینجا بە هاووڵاتیان دەدرێت.

لەبارەی گۆشتی قوربانی، بینا هەڵکۆ، گوتی: "کاتێک گۆشتی قوربانیت بۆهات نابێت راستەوخۆ گۆشتەکە بەکاربهێنیت، پێویستە بۆ ماوەی چوار یان پێنج کاتژمێر لە بەفرگر دابنرێت ئینجا بەکاربهێنرێت، چونکە بە مانەوەی  لە ناو بەرفرگر کاریگەری ڤایرۆسەکە کەمدەبێتەوە.

گوتیشی: گۆشت بە کوڵاندن مەترسی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونی لەسەر نامێنێت.

تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.

دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.

بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).