فرانسیس فۆکۆیاما: گەندەڵی یەکێکە لە بەربەستەکانی گەشەپێدان

عێراق لە ریزی گەندەڵترین وڵاتانی جیهانە
فرانسیس فۆکۆیاما، شارەزای ئابووری سیاسی
فرانسیس فۆکۆیاما، شارەزای ئابووری سیاسی

K24 - واشنتن

بەگوێرەی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی کە ساڵانە ریزبەندی بۆ وڵاتان بۆ گەندەڵی دەکات، ماوەی دەیەیەکە زۆرینەی وڵاتان نەیانتوانیوە رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە، ئەمەش متمانەی خەڵک بە حکومەتەکانیان کەمیکردووەتەوە. لە واشنتن ماوەی چەند رۆژێک بە بەشداری بەرپرسان و شارەزایان کۆنفرانسێک لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەڕێوەچوو و شاندێکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون.

بەپێی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە کۆی 180 وڵات عێراق 157ـەمین گەندەڵترین وڵاتە، بەشێوەیەک گەندەڵی تەواوی سێکتەرەکانی وڵاتی تەنیوە.

فرانسیس فۆکۆیاما، شارەزای ئابووری سیاسی دەڵێ: پێم وایە گەندەڵی یەکێکە لە بەربەستەکانی گەشەپێدان.

زیاتر لە 300 کەسایەتیی لە شارەزەیانی ئابووری و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان، لە بارەگای سەرەکی گرووپی بانکی جیهانی لە واشنتن تاوتوێی رێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکەن، زۆربەیان نیگەرانن لە پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە کە باڵی بەسەر وڵاتاندا کێشاوە، بۆیە دەیانەوێت هەوڵی خۆیان بۆ گەڕانەوەی متمانە چڕتر بکەن.

فرانسیس فۆکۆیاما، شارەزای ئابووری سیاسی لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "پێم وایە گەندەڵی یەکێکە لە بەربەستەکانی گەشەپێدان. باج لە خەڵکی هەژار وەردەگیرێت و بۆ دەوڵەمەندەکان دەچێت، ئەمەش نایەکسانی زیاد دەکات و لە بەرژەوەندی گەشەی ئابووریدا نییە، لە رووی سیاسیشەوە خەڵک رەشبین دەکات و متمانەیان بە حکومەتەکانیان نامێنێت."

رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ساڵانە راپۆرتی خۆی لەبارەی گەندەڵی لە وڵاتان بڵاودەکاتەوە، ئامارەکان بۆ هەندێک وڵات ساڵ دوای ساڵ شۆکترە، عێراقی دەوڵەمەند بە سەرچاوە سرووشتییەکان یەکێکە لەوانەی گەندەڵی سەرەتاپای سێکتەرەکانی تەنیوە، بەشێوەیەک لە کۆی 100 خاڵ تەنیا 23 خاڵی هەیە.

د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە و دەڵێت: " "کاتێک دەڵێی عێراق، راستەوخۆ شارەزایان دەڵێن: تۆ لە ریزبەندی بیستەم گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دایت. ئەمە راستییەکە پێمان خۆش بێت یان پێمان ناخۆش بێت. ئێمە خۆمان دەزانین، بەشێک لەو شارەزایانەی بەشدارن بوون لە کۆنفرانسەکە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە ئاگاداری دۆخەکەن".

بەگوێرەی پێنوێنی "سی پی ئای" کە رێژەی گەندەڵی و شەفافیەتی وڵاتان دیاریدەکات، لە کۆی 180 وڵات کە ریزبەندیان بۆ کراوە، لەماوەی دەیەی رابردوودا 131یان پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان لە رووی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەدەستنەهێناوە، هاوکات دوو لەسەر سێی وڵاتانیش لە کۆی سەد خاڵ کەمتر لە پەنجا خاڵیان بەدەستهێناوە. لەم نێوەندەدا عێراق ریزبەندییەکەی لە خوارەوەیە.