کوژرانی مێرمنداڵێک لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە گرژی و ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە

فەرەنسا؛ 28ـی حوزەیران - وێنە: AFP
فەرەنسا؛ 28ـی حوزەیران - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی کوژرانی مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە، خۆپیشاندان لەو وڵاتە دەستیپێکرد.

نەهیل، مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵە و رۆژی 27ـی ئەم مانگە لەکاتێکدا کە هەوڵدەدات بە ئۆتۆمبێل لەدەست دوو پۆلیسی فەرەنسی هەڵبێت، لەلایەن یەکێک لە پۆلیسەکانەوە تەقەی لێدەکرێت و دواتر گیان لەدەستدەدات.

کوژرانی نەهیل بەدەستی پۆلیس، تووڕەیی و کاردانەوەی فەرەنسییەکانی لێدەکەوێتەوە و، لە پاریس و شار و شارۆچکەکانی دیکە خۆپیشاندان دەستی پێ کردوە و تا ئێستا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی خۆپیشاندانەکانەوە، 150 کەس دەستگیرکراون.

لە خۆپیشاندانەکاندا، بەشێك لە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی وەک پاس و ترام، زیانیان پێگەیشتووە و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت کارێکی ناڕەوایە، گوتیشی: هیچ پاساوێک نییە بۆ کوژرانی مێرمنداڵەکە.

ماکرۆن داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لە چەند وەزیرێکی کرد، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا پێشتر رایگەیاندبوو، لانیکەم 150 کەس لە سەرانسەری وڵاتدا دەستگیرکراون، هەروەها چەندین باڵەخانەی گشتی "سووتێنراون یان هێرشیان کراوەتە سەر".