ئەمڕۆ 98 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران تێدەپەڕێت

تا ئێستا گۆڕی شێخ سەعیدی پیران دیارنییە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ 98 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران تێدەپەڕێت، کاتێک کوردستان بەهۆی پەیماننامەی لۆزان دابەشکرا، لە باکووری کوردستان بە سەرپەرشتی سێخ سەعیدی پیران راپەڕینێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی ئەنجامدرا، بەڵام ئەم راپەڕینە سەرکەوتوو نەبوو، لە 29ـی حوزەیران شێخ سەعیدی پیران و 46 لە هاوڕێیانی لەسێدارەدران، تا ئێستاش گۆڕی ئەوان دیارنییە و بەڵگەنامەکانی دادگایکردنیان دیار نییە.

ئەو راپەڕینەی بە ناوی شێخ سەعید ناسراوە، رێکخراوێکی ستراتیژی لە خۆدەگرت بە ناوی "رێکخراوە کۆمیتەی سەربەخۆیی کوردستان" یان رێکخراوی ئازادی، کە لە ساڵی 1922 لە شاری ئەرزەرۆم بە سەرکردایەتی خالید بەگی جبری دامەزرا بوو.

24 ئەفسەری پلە باڵای سەربازیی لەنێویاندا ئیحسان نووری پاشا و ئیسماعیل حەقی شاوەیس، هەروەها د. فوئاد و کەمال فەوزی و یوسف زیا و سەدان سەرکردە ئایینی و کۆمەڵایەتی، دیارترین ستراتیژی ئەوان دامەزراندنی رێکخراوی ئازادی بوو، جگە لە بەرنامە سیاسیەکەی.

کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو ئامانجی سەرەکی بوو و تا پەیمانی لۆزان کە ئەمساڵ 100  ساڵەی بەسەر ئەو پەیمانە تێدەپەڕێت.

کاتێک پەیمانی لۆزان کوردستانی دابەشکرد، ئامادەکاری بۆ سەرهەڵدان دەستیپێکرد، لە شێخ مەحموود بەرزنجییەوە تا سیمکۆ شیکاک پەیوەندییان پێوەکرا. بەهۆی تێنەگەیشتنێکی رێکخراوەیی، لە 4ی ئەیلولی 1924 لە "بەیت شەباب" راپەڕینێکی بچووک روویدا و دوای ئەم رووداوە، سەرکردەکانی رێکخراوی ئازادی، خالید بەگ جبری و یوسف زیا، دەستبەسەر کران، ئەمەش هەموو پلان و ستراتیژییەکانی راپەڕینەکەی لەناوبرد.

رووداوەکانی پیران هۆکارێکی دیکەی نەرێنی بوو، لە 13ی شوباتی ساڵی 1925 ژمارەیەک سەرباز ویستیان هەندێک کەس لە شێخ سەعید لە پیرانی دیاربەکر دەستگیر بکەن. ئەمە پلانێکی دەوڵەت بوو بۆ تەقینەوەی راپەڕینەکە پێش وادەی خۆی، و کاتێک شێخ سەعید ئەو کەسانەی رادەست نەکرد، شەڕ هەڵگیرسا و شێخ سەعید بوو بە رابەری ئایینی و نەتەوەیی راپەڕینەکە.

هەر زوو راپەڕینەکە لە مووش، خارپێت و دیاربەکر دەسستیپێکرد و چەند شارۆچکەیەک کۆنترۆڵکران، بەڵام لەبەر ئەوەی راپەڕینەکە بە سێ هۆکار دەستیپێکردبوو، بەبێ کات و بەبێ بەشداریکردنی بەرپرسانی سەربازی و بەبێ هیچ پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی، لەلایەن سوپا شکستی پێهێنرا، دواتر لە 14ی نیسانی هەمان ساڵدا، خالید بەگی جبری، یوسف زیا، مەلا عەبدورەحمان شرنەخی، تەیمەن عەلی رەزا و فوئاد بەگ لەلایەن دادگای سەربازیی بەدلیسەوە کوژران. رۆژێک دواتریش شێخ سەعیدی پیران دەستگیرکرا و لە بەرەبەیانی 29ی حوزەیران لەگەڵ 46 هاوڕێی دیکەی لە دیاربەکر لەسێدارەدران، تائێستاش نە گۆڕەکانیان و نە بەڵگەنامەکانی دادگایی کردنیان دیار نییە.