لەبارەی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا؛ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا وەڵامی دادگای تێهەڵچوونەوە دەداتەوە

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا

K24 - هەولێر:

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رەخنە لە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا دەگرێت و دەڵێت: رواندا وڵاتێکی سەلامەتە.

ئەمڕۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا لەبارەی پلانی ناردنی پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا رایگەیاند، پلانەکە نایاساییە، لەبەرئەوەی رواندا ناتوانرێت بە وڵاتێکی سەلامەت هەژمار بکرێت.

لەبەرانبەردا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، رواندا وڵاتێکی سەلامەتە و بۆ جێبەجێکردنی پلانی ناردنی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە، لە دادگای باڵای بەریتانیا داوای مۆڵەت دەکەین بۆ تانەدان لەم بڕیارە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سێ دادوەری بەریتانیاوە بڵاویکردەوە، "ئەگەر کەموکوڕییەکان" لە سیستەمی پەنابەری رواندا راست نەکرێنەوە، ئەوا "گواستنەوەی پەناخوازان بۆ رواندا نایاسایی دەبێت".

بە نزیکەیی ساڵێک لەمەوبەر، پێش ئەوەی ریشی سوناک ببێتە سەرۆکوەزیران، حکومەتی بەریتانیا پلانی ناردنی پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتی رواندا ئاشکراکرد.