له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كان تاووتوێی پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
K24 – هەولێر:
عه‌بدولحوسێن شه‌عبان، ئه‌كادیمیست و بیرمه‌ندی چه‌پی عه‌ره‌ب میوانی ئه‌ڵقه‌یه‌كی نوێی به‌رنامه‌ی له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كان" بوو، كه له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس پێشكه‌ش ده‌كرێت، و باسی له چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیداری نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ و ناوچه‌كه و جیهان كرد و تێیدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كە پێشكه‌وتنێكی گه‌وره له رووی سیاسی و ده‌ستوورییه‌وه له هه‌رێمی كوردستان له ئارادایه.
عه‌بدولحوسێن شه‌عبان سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامی ئه‌و قه‌واره‌یه له‌ناو عێراقی فیدڕاڵ‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌ره‌وپێشچوونێكی گه‌وره‌یه له ئارادایه، بۆ یه‌كه‌م جاره قه‌واره‌یه‌كی كوردی دێته پێشه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك وێڕای ئه‌و فشار و ئاڵنگارییانه‌ی رووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وامه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه وه‌ك ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو سه‌یرده‌كرێت.
گوتیشی، راسته هه‌ڵه و كه‌موكوڕیی تێدایه، به‌ڵام به ئاراسته‌یه‌كی راستدا ده‌ڕوات و له خاڵه ته‌ندروسته‌كانه‌وه ده‌ستیپێكردووه و رێچكه‌ی خۆی وه‌رگرتووه به‌ره‌و پێكهێنانی قه‌واره‌یه‌كی كوردی، كه گوزارشت له خواسته‌كانی گه‌لی كورد ده‌كات و به‌شێك له هیواكانی ده‌پێكێنێت، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌ك رێكار و یاسا و سیستمه‌وه، كه پێویسته به‌ره‌وپێشچوون و قووڵبوونه‌وه‌یان تێدا بكرێت.
هه‌روه‌ها له باره‌ی ناكۆكی و ململانێ ناوخۆییه‌وه‌كانه‌وه سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كه ئه‌گه‌ر شه‌ڕی براكوژی گوناهـ بێت، ئه‌وا دابه‌شكردنی كوردستان تاوانه. گوتیشی، تا ئێستا كێشه له نێوان پارتی و یه‌كێتیدا هه‌یه، تا ئێستا ئه‌و كیشانه به زمانی گفتوگۆ، ئاشتیانه، نه‌رمی نواندن، دانوستان و سازشكردن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. هه‌ر به‌مه‌ش پێویست ده‌كات حكومه‌تی عێراق سازش بۆ كورد بكات، وه‌ك چۆن پێویسته كوردیش سازش بۆ حكومه‌تی عێراق بكات، به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه ده‌بێته هۆی رێگه‌گرتن له فراوانبوونی درزی ناكۆكییه‌كان و هه‌روه‌ها بچووككردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان تا گه‌یشتن به خاڵی چاوه‌ڕێكردنی ساتی مێژوویی گونجاو، كه تێیدا ته‌واوی خواسته‌كانی كورد به‌دی بێن.
ناوبراو له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختیكرده‌وه، كه نوخبه‌ی سیاسی عێراقی كه له‌ساڵی 2003ـه‌وه تا ئه‌مڕۆ فه‌رمانڕه‌وایی عێراقیان كردووه، جگه له كورده‌كان، هیچ كامێكیان باوه‌ڕیان به فیدراڵیه‌ت نه‌بووه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیان به فیدراڵیه‌ت هه‌بوایه، ده‌ستووریان جێبه‌جێ ده‌كرد. ده‌ستوور جه‌خت له پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی ده‌كاته‌وه، واتا هه‌رێمه‌كان هه‌یه، گوتیشی، گریمان عێراق هه‌مووی به‌سه‌ر دوو هه‌رێمدا دابه‌شكراوه، هه‌رێمێكی كوردی یان كوردستانی، هه‌رێمێكیش عه‌ره‌بی، ئه‌وكات ئه‌نجومه‌نی فیدراڵ له‌نێوان هه‌رێمی كوردی و هه‌رێمی عه‌ره‌بیدا پێكده‌هێنرا، به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وام فیدڕاڵییان له عێراق دوورخستووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها گوتی، بیرم ده‌كه‌وێته‌وه، كاتێك له‌ساڵی 1992 له ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا بیرۆكه‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسینم نووسی، له سه‌ره‌تادا ناڕه‌زایه‌تی زۆر روویاندا. بۆ یه‌كه‌م جار بوو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له گردبوونه‌وه‌ی عێراقی ده‌ركرا و ئه‌وه‌ش ئه‌وه بوو كه له ساڵی 1992 روویدا. كاتێكیش هاتینه سه‌ر فیدراڵیه‌ت، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود له شه‌قڵاوه بڕیاریدا، سه‌رۆك مه‌سعود له ئه‌یلوولی 1992 گوتی: وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق، کە وشەیەکی یەکگرتووی بۆ زیاد کرا و دوای دوو مانگ ئه‌نجامدرا، واتا له‌و رێكه‌وته له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 1992، گوتی: ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به فیدراڵیه‌ت نه‌بێت، ئێره شوێنیان نییه و بڕیارێك له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ده‌ین و له‌ڕاستیشدا ئه‌و بڕیاره له 4ی تشرین له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ فیدراڵیه‌ت له یه‌ك لاوه ده‌ركرا، تا ئه‌و كاته‌ی دۆخه‌كه ده‌گۆڕێت. كاتێك بابه‌تی فیدراڵیه‌تم له به‌یاننامه‌ی كۆتاییدا نووسی، زۆرێك هه‌بوون ناڕه‌زایه‌تییان نیشاندا. داوایكرد له به‌رامبه‌ر وشه‌ی فیدراڵی ده‌سته‌واژه‌ی ویلایه‌ته‌كان بنووسین. له‌ڕاستیشدا ده‌سته‌واژه‌ی ویلایه‌ته‌كان زیادكرا. فیدراڵیه‌ت، له به‌رامبه‌ریدا ویلایه‌ته‌كان، به‌و مانایه‌ی كه بنچینه‌یه‌كی بۆ ئیسلامیه‌ت ده‌گه‌رێته‌وه.
عه‌بدولحوسێن شه‌عبان گوتی، به گه‌ڕانه‌وه بۆ قۆناغی سه‌رده‌می رووخانی رژێمی به‌عس و دروستبوون و پێكهێنانی عێراقی نوێ ناوبراو گوتی، ژماره‌یه‌ك هه‌ڵه له‌و سیسته‌مه سیاسییه‌دا هه‌ن، كه دوای داگیركارییه‌كه‌ی ساڵی 2003 دامه‌زرا. هۆكاری ئه‌و هه‌ڵانه‌ش، بنه‌ماكه‌ی بۆ ده‌ستوور و یاسای ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی ئینتیقالی ده‌گه‌ڕێته‌وه و گوازراوه‌ته‌وه بۆ ناو ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، كه له 15ی تشرینی 2005 ده‌نگی له‌سه‌ر درا. ژماره‌یه‌كی زۆری بۆمب له‌ناو ده‌ستووردا هه‌ن، له هه‌ر ساتێك‌دا بێت ده‌كرێت ئه‌و بۆمبانه بته‌قنه‌وه. ده‌ستوورێكی لایه‌نگیره. ده‌ستوور له‌سه‌ر بنه‌مای پێكهاته‌كان داڕێژراوه، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون و ره‌گه‌زنامه‌یی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر ره‌گه‌زنامه‌ش بكات، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای پێكهاته‌كان داڕێژراوه. پێكهاته‌كانیش واتا چی! واتا ده‌بێت ملكه‌چی مه‌زهه‌بێك، یان گرووپێك، یان ئه‌تنیكێك یانیش تائیفه‌یه‌ك بێت، له‌كاتێكدا ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون و ره‌گه‌زنامه بونیات ده‌نرێت. كاتێك ده‌ستوور له پێشه‌كییه‌كه‌یدا دووجار باس له پێكهاته‌كان ده‌كات، هه‌روه‌ها له مادده‌ی (9)، له‌مادده‌ی (12)، له‌مادده‌ی (49)، له‌مادده‌ی (125) و له مادده‌ی (142) باس له پێكهاته‌كان ده‌كات، جگه له دابه‌شكاری تایفه‌گه‌ری و ئیتنیكی هیچی دیكه هه‌ڵناگرێت. هه‌ربۆیه ده‌كرێت دوای ماوه‌یه‌ك له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆیه‌كی دوورودرێژ ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی پێكبهێنرێت بۆ دامه‌زراندنی فیدراڵیه‌ته‌كان بۆ عێراق دووباره داڕشتنه‌وه بۆ هه‌موو ئه‌مانه بكاته‌وه به‌گوێره‌ی شێوازێكی نوێ، به‌و شێوه‌یه‌ی كه ته‌واوی درز و كه‌موكوڕییه‌كان له‌به‌رچاو بگرێت، وێڕای ئه‌و خاڵه ئه‌رێنیانه‌ی بۆی زیاد ده‌كرێن. زێده‌باری ئه‌مه‌ش لێره‌دا ئه‌زموونێك هه‌یه، ئه‌و ئه‌زموونه له‌به‌رچاو ده‌گرین، هه‌ربۆیه‌ش له هه‌ندێك ناوچه داواكاری بۆ فیدراڵیه‌ت سه‌ریانهه‌ڵداوه و ده‌ڵێن، ده‌مانه‌وێت وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ئێمه‌یش ببینه هه‌رێمی فیدراڵی. به‌ڵام له‌م دۆخه هه‌ڵچوونه‌ییه‌دا پێداویستی ته‌واو بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و جۆره فیدراڵیه‌تانه له‌به‌رده‌ست نین و عێراقیش له ساڵی 2003ـه‌وه تا ئه‌مڕۆ به دۆخێكی شێواودا گوزه‌ر ده‌كات.
جه‌ختیشكرده‌وه كه سه‌ركرده‌كانی كورد به حیكمه‌ته‌وه ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ عێراقی نوێ‌دا كرد، به‌تایبه‌ت سه‌رۆك بارزانی و مام جه‌لال به حیكمه‌ته‌وه مامه‌ڵه‌یان كرد و به تێڕوانینێكی دوورمه‌ودا و خوێندنه‌وه‌یه‌كی باش بۆ گۆڕانكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. راسته پارێزگاری‌یان له خۆیان كرد، به‌ڵام پارێزگاری‌یان له ئاینده‌ی ئه‌زموونی كوردستانیش كرد، پارێزگاری‌یان له داهاتووی بزووتنه‌وه‌ی كوردی كرد، پارێزگاری‌یان له ئاینده‌ی خواسته‌كانی گه‌لی كورد كرد.
هه‌روه‌ها گوتی "له بابه‌تی نێوده‌وڵه‌تییدا من حەوت بڕیاری نێوده‌وڵه‌تیم له به‌رژه‌وه‌ندی دۆزی كورد داوه له جیهان. له كۆنگره‌ی شتوتگارد، له كۆنگره‌یه‌ك له به‌رشه‌لۆنه، له كۆنگره‌ی مه‌رسیلیا، له كۆنگره‌یه‌كدا له ئیكوادۆر، له كۆنگره‌یه‌كدا له یه‌ریڤان، له كۆنگره‌یه‌كدا له كۆپنهاگن، وێڕای كۆنگره‌ی بزووتنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له دارول به‌یزا، ئه‌و كۆنگره‌یه، واتا كۆنگره‌ی دارول به‌یزا، بڕیاری چاره‌ی خۆنووسینی بۆ گه‌لی كورد دا".
له‌باره‌ی هۆكاره هه‌رێمی نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه سه‌باره‌ت به دۆخی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، عه‌بدولحوسێن شه‌عبان روونیكرده‌وه، فاكته‌ری هه‌رێمایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، سه‌باره‌ت به دۆخی عێراق، نه‌ك ته‌نیا دۆخی عێراق، به‌ڵكو هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه، ئێستا له سووریا رۆڵێك ده‌بینێت، له لوبنان رۆڵێك ده‌بینێت، له یه‌مه‌ن رۆڵێك ده‌بینێت، له لیبیا رۆڵێك ده‌بینێت. رۆڵی زۆر گه‌وره له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه. فاكته‌ری هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی گه‌وره‌ی سه‌پاندووه، به‌ڵام ئیراده‌یه‌كی یه‌كگرتوو هه‌بێت، ئیراده‌ی لێكنزیكبوونه‌وه له نێوان لایه‌نه ناوخۆییه‌كان. ده‌كرێت له كاریگه‌ری فاكته‌ری هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی كه‌مبكرێته‌وه، یاخود رۆڵی فاكته‌ری نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی لاواز بكرێت. به‌ڕاشكاوانه ده‌یڵێم: "عێراق ئێستا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه تووشی ئاڵنگاری زۆر ببێته‌وه. هه‌ژموونێكی به‌هێزی ئێرانی له‌ناو عێراق هه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌ژموونێكی به‌هێزی ئه‌مه‌ریکاش له‌ناو عێراق هه‌یه. ئه‌و دوو هه‌ژموونه له‌سه‌ر خاكی عێراق كه‌وتوونه‌ته ململانێ. هه‌ر له ساڵی 2003ـه‌وه تا ئه‌مڕۆ، جارێك رێك ده‌كه‌ون و جارێكی دیكه ناكۆك ده‌بن. لێره‌دا عێراقییه‌كان قوربانین. بۆیه هه‌رچه‌نده دۆخی عێراق له خاڵه‌كانی به‌ریه‌ككه‌وتن نزیك ببێته‌وه، ئه‌وه‌نده ده‌رفه‌تی ئه‌و دۆخه‌ی دێته پێشه‌وه كه به ناڕه‌حه‌تی تێیدا بژین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، حكومه‌تی فیدراڵی به‌هێزیش بێت، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان لاواز بێت واتا ده‌وڵه‌تی عێراقیش هه‌ر لاواز ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بێت، له به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی عێراق لاواز بێت، ئه‌وا ده‌وڵه‌تی عێراقیش لاواز ده‌بێت. بۆیه ئێمه پێویستیمان به هه‌رێمێكی به‌هێزه به مافه‌كانییه‌وه و پێویستمان به ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵ و حكومه‌تێكی فیدراڵیشه به مافه‌كانیانه‌وه. لێره‌دا ده‌كرێت كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون و ره‌گه‌زنامه سه‌ره‌كییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای سروشتی سیسته‌می فیدراڵی، كه له‌ساڵی 2003 دامه‌زراوه، كه پێشتر تاكلایه‌نانه له ساڵی 1991 دامه‌زرابوو. گوتیشی، "من پێم وایه ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوای ده‌یه‌ك یان دوو ده‌یه یانیش زیاتر بێت تا ئه‌و كاته‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت و من پێم وایه ئه‌مه خواستی هه‌موو كوردێكه بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ده‌بێته ده‌وڵه‌ت و خاوه‌ن قه‌واره‌ی تایبه‌ت به خۆی ده‌بێت، هاوشێوه‌ی هه‌موو وڵاتانی دیكه‌ی جیهان. چوار نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی له ناوچه‌كه هه‌ن، نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی ژماره‌یه‌ك وڵات هه‌یه، نه‌ته‌وه‌ی فارس هه‌یه كه ده‌وڵه‌تی ئێرانی هه‌یه، نه‌ته‌وه‌ی تورك هه‌یه كه وڵاتی توركیایان هه‌یه، ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كورد له قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ هاوشێوه‌ی وڵاتانی دیكه بێبه‌شه. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو پێویستی كردووه، بیرۆكه‌ی گفتوگۆی نێوان رۆشنبیرانی ئه‌و چوار نه‌ته‌وه‌یه به مێشكماندا بێت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه هاوبه‌شانه‌ی كۆمان ده‌كه‌نه‌وه، كه ئاستی قبووڵیه‌تیان زۆره، ئه‌گینا بۆچی كورد كه نه‌ته‌وه‌یه‌كن، كه ئه‌گه‌ر وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك دانمان پێدا نا، ئه‌وا مافی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان هه‌یه. ئه‌گه‌ریش مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بڕیار له چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ده‌وڵه‌تی خۆیان دامه‌زرێنن، به‌ڵام ئه‌مه به هێز به‌دی ناهێت، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی لێكتێگه‌یشتنه‌كان، سازشكردن بۆ یه‌كتر، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، له‌ڕێگه‌ی فشاره‌كان و متمانه‌ی هاوبه‌ش ده‌كرێت، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و خه‌ونه ده‌بێته راستی".
هه‌روه‌ها عه‌بدولحوسێن شه‌عبان تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به قووڵی و به روونی باسیان له بابه‌تی چاره‌سه‌رییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد و گوتی، یه‌كه‌م، پێویستی به كاته، پێویستی به متمانه‌كردنه، پێویستی به به‌ره‌وپێشچوونه لای ده‌سته‌بژێری سیاسی، چ له به‌غدا یانیش له هه‌رێمی كوردستان، نوخبه‌ی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتدار له به‌غدا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌یه‌ك ره‌نگیش بن، به‌ڵام رێككه‌وتنی له‌سه‌ر هه‌بێت، بۆ نموونه، ره‌وتی سه‌در 73 كورسیی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له په‌رله‌مان كشایه‌وه و ئه‌وانی دیكه‌ی له حه‌سره‌تدا جێهێشت. بۆ ماوه‌یه‌ك سه‌ریان لێ شێوا بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چی بكه‌ن. ئه‌مه گه‌وره‌ترین ره‌وت بوو له پرۆسه‌ی سیاسی كشایه‌وه، كه به‌لایه‌نی كه‌م به‌شێوه‌یه‌كی كاتییه. بۆیه لێره‌دا هه‌ندێك كێشه هه‌ن. لێره‌دا هه‌ندێك كێشه له نێوان هه‌ولێر و سلێمانیش هه‌ن. ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆوه ئه‌و كێشه ناوخۆییانه لاواز بكرێن و بگه‌نه خاڵی متمانه‌دار و گه‌یشتن به هه‌ڵوێسته پێشكه‌وتووه‌كان به شێوه‌یه‌كی هه‌نگاو به هه‌نگاو و كه‌ڵه‌كه‌بوونی هێواشی درێژمه‌ودا. چاره‌سه‌رییه خێرا و كاریگه‌ر و به‌په‌له و نموونه‌یی به‌رده‌ست نین. له كۆتاییشدا سیاسه‌ت ئه‌و هونه‌ره‌یه كه ده‌كرێت ئه‌مه بكات، به‌ڵام پێویستی به قۆناغی جیاوازه. واتا هه‌ڵوێسته‌كان به‌رامبه‌ر به دۆزی كورد له رابردوودا له‌گه‌ڵ ئێستا به‌راورد ناكرێن. ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه، وێڕای هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانیان. ئه‌مه پێویستی به گفتوگۆی زیاتر و كه‌ڵه‌كه‌بوونی زیاتر و قه‌ناعه‌تی زیاتره.سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش، هه‌رچه‌ند كورد نموونه‌ی ئه‌رێنی پێشكه‌شبكات، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به چاوێكی باشتره‌وه له‌و هه‌ڵوێسته ئه‌رێنیانه ده‌ڕوانێت. هه‌ولێر ئێستا به پایته‌ختێك له پایته‌خته گرنگه‌كان داده‌نرێت. هه‌ندێك جار به وڵاتانی دیكه به‌راورد ده‌كرێت. له‌كاتێكدا ئه‌و پایته‌ختی هه‌رێمێكه نه‌ك هی ده‌وڵه‌تێك. هه‌ولێریش پێویستی به ژێرخان هه‌یه، پێویستی به پیشه‌سازییه‌كان هه‌یه. پێویستی به كشتوكاڵه. به‌ته‌نیا شه‌قام و باڵاخانه‌كان و هۆتێل به‌س نین. پێویستی به ژێرخانێكی باش هه‌یه. قۆناغی داهاتوو، قۆناغی گه‌شه‌كردنی درێژمه‌ودا و به‌رده‌وامده‌بێت له هه‌ولێر له‌سه‌ر هه‌موو ئاستێك.