عێراق: کاردانەوەکانی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید فراوانتر دەبێت

دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکەی بەغدا - وێنە: AFP
دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکەی بەغدا - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن هاووڵاتییەک لە سوید، کاردانەوەی فراوانی لە وڵاتانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێنا و لە بەغداش وابڕیارە سبەی خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەنجام بدرێت و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش بانگهێشتی باڵیۆزی سوید لە بەغدا دەکات.

دوای ئەوەی رۆژی (27ـی حوزەیرانی 2023)، پەنابەرێکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا لە وڵاتی سوید، دوای وەرگرتنی رەزامەندی پۆلیسی ئەو وڵاتە، هەستا بە بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم.

ئەم کارەش کاردانەوەی زۆری لە وڵاتانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێناو و بە فەرمیش حکومەتی عێراق ئیدانەی ئەو رەفتارەی کردووە کە ئەو پەنابەرە عێراقییە لە وڵاتی سوید ئەنجامیداوە و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش رێکارەکانی داواکردنی رادەستکردنەوەی ئەو پەنابەرە لە سوید دەستپێکردووە.

هەرێمی کوردستان ئیدانەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکات

رۆژی (29ـی حوزەیرانی 2023)، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، "كردەی ناڕەوای سووتاندنی قورئانی پیرۆز بە هیچ شێوەیەك ناچێتە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەمە برینداركردنی هەست و سۆزی تێكڕای موسوڵمانانی جیهانە و زۆر بە توندی سەركۆنەی دەكەین".

هەروەها لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، "ئەم جۆرە كردەوانە دژی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانە و خزمەتی گوتاری تاریكی و بڵاوكردنەوەی رق و كینە دەكات و لەسەر هەموو لایەك پێویستە رێگری لێ بكەن".

لەلایەن خۆشیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، "سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکەم. داواکارم هەموو کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکان رێزلێگیراوبن لە هەموو شوێنێک و رێگە بگیرێت لە تێکدانی پێکەوەژیان".

هاوکات سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "سه‌ركۆنه‌ى سووتاندنى قورئانى پيرۆز ده‌كه‌ين. كارێكى ته‌واو ناڕه‌وايه‌، ده‌بێته‌ هۆى په‌ره‌سه‌ندنی ڕق و كينه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پێكه‌وه‌ژيان و ئاشته‌وایی ده‌كات".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ده‌بێ ڕێز له‌ بيروباوه‌ڕ و هه‌ستى ئايينى و پيرۆزييه‌كانى هه‌موو ئايين و ئايينزاكان بگيرێت و ڕێگه‌ نه‌درێت له‌لایه‌ن هیچ که‌س و لایه‌نێکه‌وه‌ ئازادی بقۆزرێته‌وه‌ بۆ‌ بێڕێزیکردن به‌ پیرۆزییه‌کانی ئایین".

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی رووداوی بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە وڵاتی سوید، ئەو رەفتارە بە دوورە لەبەھای مرۆڤایەتی و دژی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەیی و ئاینداری وەسف دەکات.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان لەو وڵاتە، رێگری یاسایی لەم شێوە رووداوانە بکەن و بکەری سەرەکیش رووبەڕووی دادگا بکەنەوە".

سەرۆک کۆماری عێراق: بە توڕەییەکی زۆرەوە چاودێری دەکەم

لە راگەیەندراوێکدا سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت، "بە توڕەییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو هەڵسوکەوتە نابەرپرسانەیە دەکەین کە لە سوید روودەدات و پێشتریش لە هەندێک وڵاتی دیکەش روویداوە بۆ بێرێزیکردن بە قورئانی پیرۆز".

لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاندووە، بێرێزیکردن بە قورئانی پیرۆز پەیوەندی نییە بە ئازادی بیرکردنەوە و بیروباوەڕ نییە، بەڵکو ئەمە لێدانە لە ئازادی و تاوانە بۆ مرۆڤایەتی و ئەو موسوڵمانانەی رێز لە کتێبی هەموو ئایینەکان دەگرن.

هەروەها سەۆک کۆماری عێراق داوا لە لایەنە دادوەری، سیاسی و رۆشنبیرییەکانی جیهان دەکات لەپێناو پاراستنی پێکەوەژیانی ئازاد و برایەتی لەنێوان مرۆڤایەتی هەرچەند ئایین  وبیرباوەڕیان جیاواز بێت، هەڵوێستی جددی و بەرپرسیاریانەیان هەبێت بەرامبەر رێزگرتن لە بیروباوەڕ و ئایینەکان.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی سوید دەکات

بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر رێگەپێدان بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن کەسێکەوە لە سوید، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی ئەو وڵاتەی کرد لە بەغدا.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد، بانگهێشتی جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لە عێراقیان کردووە بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی لە بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید.

سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، داوایان لە حکومەتی سوید کردووە رێکاری یاسایی پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی بێرێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لەلایەن کەسانی توندڕەوەوە بەشێوەیەکی دووبارە و روونیشی کردووەتەوە، ئازادی رادەربڕین رێگە بە بێرێزیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان نادات.

سبه‌ی لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در خۆپیشاندانی ملیۆنی ئه‌نجام ده‌ده‌ن

لیژنه‌ی ناوه‌ندی ره‌وتی سه‌در له‌سه‌ر داوای موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در كاتی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ر‌ی له‌دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز له‌ وڵاتی سوید دیاریکرد.

لیژنه‌ی ناوه‌ندی ره‌وتی سه‌در له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكردووه‌، خۆپیشاندانی تووڕه‌یی ملیۆنی لایه‌نگرانی له‌ به‌غدا و له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی سوید رۆژی هه‌ینی و دوای نوێژی مه‌غریب ده‌ست پێده‌كات. راشیگه‌یاندووه‌، بۆ پارێزگاكانی دیكه‌ش ده‌توانن دوای نوێژی هه‌ینی ده‌ست به‌خۆپیشاندان بكه‌ن.

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌كاردانه‌وه‌ی سووتاندنی‌ قورئانی پیرۆز له‌به‌رده‌م مزگه‌وتێكی وڵاتی سوید، ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی و داوای له‌لایه‌نگرانی كرد خۆپیشاندانی به‌رفراوان له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی سوید له‌ به‌غدا ئه‌نجام بده‌ن.

هاوكات رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له‌ حكومه‌تی عێراق كردووه‌ باڵیۆزی سوید له‌ عێراق ده‌ربكات و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ بپچڕێنێت.

سیستانی نامەیەک ئاراستەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجعی باڵای ئایینی شیعەکان لە عێراق لەبارەی بێرێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لە سوید نامەیەک ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و داوای لێدەکات

لە نامەکەدا، سیستانی نارەزایەتی دەربڕیوە لە رێگەپێدانی پۆلیسی سوید بە کارێکی لەو جۆرە کە ئامانج تێیدا سووکایەتیکردنە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە بیانووی رێزگرتن لە ئازادی رادەربڕین.

سیستانی هۆشداریداوە لەوەی بێرێزیکردن بە پیرۆزیی زیاتر لە دوو ملیار موسوڵمانی جیهان و بێدەنگبوون لە ئاست دووبارە بوونەوەی ئەو کارانە، دەبێتە هۆی دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەوی و کاردانەوەی هەڵە.

هەروەها سیستانی داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات هەنگاوی کاریگەر بنێت بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی رووداوی هاوشێوە و چاو بەو یاسانەدا بخشێندرێتەوە کە رێگە بە بێرێزیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان دەکات.

شیعەکان لە یەکەم رۆژی جەژندا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید

رۆژی پێنجشەممە (29ـی حوزەیرانی 2023) کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز بوو بە گوێرەی راگەیەندراوی پێشتری نووسینگەی سیستانی و شیعەکانی عێراق جیاواز لە سوننەکان ریوڕەسمی جەژنیان لەو رۆژە ئەنجامدا، بۆ نارەزایەتی دەربڕین خۆپیشاندانێکیان بۆ بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بە غدا ئەنجامدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، زۆربەی خۆپیشاندەران لەسەر داوای پێشتری موقتەدا سەدر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بەشێکیان قورئانی پیرۆزییان بەرزکردبووە و ئیدانەی هەڵوێستی حکومەتی سویدیان کرد بۆ رێگەپێدان بە بێرێزیکردن بە قورئانی پیرۆز.

هاوکات بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوبوونەتەوە، بەشێک لە خۆپیشاندەران هەوڵی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سویدیان لە بەغدا دا، بەڵام هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەدا و دواتر خۆپیشاندەران کۆتاییان بە ناڕەزاییەتییەکانیان هێنا و وابڕیارە سبەی هەینی بەشێوەیەکی فراوانتر دەستپێبکەنەوە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای رادەستکردنەوەی دەکات

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق داوای رادەستکردنەوەی ئەو کەسە دەکات لە سوید قورئانی سووتاندووە.

رۆژی پێنجشەممە (29ـی حوزەیرانی 2023)، فایق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق فەرمانی دەرکرد بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو كەسەی لە سوید قورئانی پیرۆزی سووتاند.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، فایق زێدان فەرمانی دەرکردووە كە رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو كەسە بگیرێتەبەر كە قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، بەپێی بڕگەكانی ماددەی 14ی یاسای سزادانی عێراقی.

هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، داواكاری گشتی راسپاردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دادگای لێكۆڵینەوەی یەكەمی كەرخ، بۆ تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان بۆ داواكردن و رادەستكردنەوەی ئەو كەسەی ئەو کارەی ئەنجامداوە و دادگاییكردنی بەپێی یاسا.

حکومەتی عێراق: ئەوانەی قورئانیان سووتاند دەروون نەخۆشن

لە راگەیەندراوێکدا گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە توندی بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکات و ئەوانەی ئەو کارەشیان کردووە بە کەسی توندڕەو و دەروون نەخۆش وەسف دەکات.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکومەتی عێراق پێی وایە ئەم کارە قێزەونە، کە هەستی ملیۆنان موسڵمانی ئازارداوە و ئەم کردەوانە رەنگدانەوەی رۆحێکی شەڕانگێزی رقاوین کە پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە، بەڵکو کردەوەیەکی رەگەزپەرستی و هاندانی توندوتیژی و رق و کینەیە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە، "ئەو لایەنانەی لە پشتگیری ئەو کردەوانە دەکەن یان رێگەیان پێدەدەن و هانیدەدەن بۆ درێژەدان بەو کارە، بەرپرسیارن لەبەرامبەر هەموو ئەو دەرئەنجامە نەرێنییانەی کە بەدوای خۆیدا دێن".

هاوکات داواش حکومەتە پەیوەندیدارەکان دەکات، "دەستپێشخەری بکەن و ئەو توندڕەوانە لە درێژەدان بە کارە خراپەکانیان و پاڵنانی هەمووان بەرەو ئەنجامێک کە کەس نایەوێت، رابگرن".

رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کۆدەبێتەوە

رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە 57 وڵات لەخۆدەگرێت و عێراقیش یەکێکە لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە، لەسەر داوای سعوودیە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجام دەدات بۆ ئیدانەکردنی بێرێزیکردن بە قورئانی پیرۆز.

لە راگەیەندراوێکدا، رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی رایگەیاند، لەسەر داوای سعوودیە هەفتەی داهاتوو لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەکە لە جەددە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گرتنەبەری رێکار لە بەرامبەر رووداوی بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە سوید.

هەروەها راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکە هەوڵدەدات یەک هەڵوێستی دروست بکات بۆ ئیدانەکردن و رەتکردنەوەی ئەو بێرێزییانەی بە قورئانی پیرۆز دەکرێت و هەنگاوی پێویست بگرنەبەر.