لە ئەمه‌ریكاوە بۆ كوردستان، بەسەرهاتەکانی هیواو قوربانیدان

K24 - ئه‌مه‌ریكا:

رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 27/6/2023 بە هەوڵی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، پیشانگەیەکی وێنە بۆ هونەرمەندی وێنەگر یونس موحەممەد کرایەوە.

کاروان زێباری بەڕێوەبەری کاروباری سیاسەت و داکۆکیکردن لە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن ئاشکرایکرد، بۆ سازدانی ئەو پیشانگەیە لە ئەمه‌ریکا بە شێوەی سەرەکی رێکخراوی ''رووحی ئەمه‌ریکا''، بە  پشتیوانی رێکخراوەکانی ''دادپەروەری بۆ کورد و گەنجانی پرۆفیشیناڵ لە ناشڤیل''، هاوکار و یارمەتیدەری نوێنەرایەتی بوون.

پیشانگەکە لە دەستپێکدا لە شاری ناشڤیل و لە باڵه‌خانه‌ی ئەنجوومەنی شارەکە کرابویەوە، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمه‌ریکا  نیوەڕۆ خوانێکی بۆ یونس موحەممەد سازدابوو، تێیدا سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤیل جۆن کووپەرو ئەندامانی ئەنجوومەنی شارو دەستەی شارە خوشکەکان و ئەندامانی رەوەندی کوردستانی لە ناشڤیل تێیدا بەشدار بوون و ئەمەش پتر بە ئامانجی پەرەپێدان بە پرۆسەی دەستەخوشکی نێوان هەولێر و ناشڤیل بووە.

لە هەنگاوی دووەمەدا، نوێنەرایەتی لەگەڵ ئەندامی کۆنگرێس سێس مۆڵتۆن، شوێن پیشانگاکەیان لە کۆنگرێس دیار کردووە تاکوو ئەندامانی کۆنگرێس و ستافەکانیان پتر لە خەباتی پێشمەرگە دژی داعش و هەروەها کولتوورو سرووشتی کوردستان ئاشنا ببن. دواین قۆناغی پیشانگەکە ئەمڕۆ 29/6/2023، لە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و بەرپرسانی ئەمه‌ریکایی، نوێنەری باڵوێزخانەکان و رەوەندی کوردستانی و تینکتانکەکان سەردانی پیشانگەکە دەکەن.

پیشانگەکە لە ژێر ناوی ”لە ئەمه‌ریكاوە بۆ كوردستان، بەسەرهاتەکانی هیواو قوربانیدان” کرابووەوە .

لەو پیشانگایەدا كۆمەڵێك وێنەی هەمەجۆر لە شەڕی قارەمانانەی پێشمەرگە دژی داعش، قوربانییەکانی شەڕ و مین،  ناساندنی كولتووری پێكەوە ژیان لە كوردستان، سرووشت و لایەنە جۆربەجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان پێکهێنەری پیشانگەکە بوون.

 بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمه‌ریکا رایگەیاندووە، ئامانجی كردنه‌وه‌ی پیشانگه‌كه‌ بۆ ئەوە بووە، كه‌ پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ ئەمه‌ریکا فراوانتر بێت و تەنیا له‌ بواری ئاسایش بەخۆوە نەگرن، بەڵکو پەیوەندییەکان بوارەکانی، هونەر، کولتوور،  رۆشنبیری و بازرگانیش بگرێتەوە و پێشانگەکان بەشێکە لە سیاسەتی دیپلۆماسی کولتووری و هەوڵەکانی نوێنەرایەتی بۆ بەستنەوەی پتری هەولێر و ناشڤیل بەیکترەوە.

لای خۆیەوە هونەرمەندی وێنەگر یونس موحەممەد باسی لەوە کرد، کە لە رێگه‌ی وێنەکانییەوە تێدەکۆشی  مێژوو، ژیان و بەسەرهاتی کوردستانیان پتر بە خەڵکی بیانی بناسێنێ و لەم رێگه‌وە سەرنجی خەڵکی بیانی بۆ لای فەرهەنگ و هەروەها خواستەکانی کوردستان بۆ ئازادی رابکێشێ. 

کورتەیەک دەربارەی هونەرمەند یونس موحەممەد:

ساڵی 1968، لە شاری دهۆک، لە دایک بووە. وەکوو وێنەگرێکی ئازاد لەگەڵ  رۆژنامە و گۆڤارەکان کار دەکات. لە ساڵی 1974 تاکو 1998 ئاوارەی ئێران بووە.  تاکو ئێستا چەند پیشانگەی لە نێوخۆو دەرەوەی وڵات کردۆتەوەو چەندین خەڵاتی لە بواری وێنەگریدا وەرگرتووە.

76
78