ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار: 200 هه‌زار گه‌شتیار له‌ رۆژانی جه‌ژن سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌

K24 – هەولێر:

ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ئاماری سه‌ردانی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و ئامارانه‌ په‌یوه‌ستن به‌ سێ رۆژی به‌ر له‌ جه‌ژنی قوربان و سێ رۆژی جه‌ژن.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 30ـی 2023) ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید ئیبراهیم، بەڕێوه‌بەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی شه‌ش رۆژی رابردوودا واتا سێ رۆژی به‌ر له‌ جه‌ژنی قوربان و سێ رۆژی جه‌ژن 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ پشووی جەژن.

بەڕێوه‌بەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، له‌ رۆژانی جه‌ژندا و له‌ كۆی ئه‌و 200 هه‌زار گه‌شتیاره‌ی روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، 45 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێر و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانیان كردووه‌.

رۆژی 28ـی حوزه‌یرانی 2023 ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ ئەم جەژنە پێشبینی دەکەن کە ژمارەی هاتنی گەشتیاران زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار بێت.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پێشوازیکردن لەو رێژە زۆرەی گەشتیارانیش، ئامادەکاری تەواویان کردووە و یەکە گەشتیارییەکانی وەک چێشتخانە و میوانخانە و مۆتێل و کافتریاکان ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەشتیاران بکەن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید هۆکاری هاتنی ئەم رێژە زۆرەی گەشتیاران بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە، یەکەمیان داخستنی دەرگای خوێندنگاکان و دووەمیان بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و باشووری عێراق کە هۆکاری سەرەکی هاتنی گەشتیارانی عەرەبە بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها باسی لەوەش کرد، تەواوی ئەو هاووڵاتییانەی لە رۆژانی جەژندا لە ناوچە گەشتیارییەکان دەبینرێن، بە گەشتیار هەژمار ناکرێن چونکە گەشتیار بەپێی پێناسەکەی کە لەلایەن رێکخراوی گەشتیاری جیهانییەوە دیاری کراوە دەبێت لە 24 کاتژمێر زیاتر بمێنێتەوە و چەندین مەرجی دیکەشی هەن بۆیە، ژمارەی سەردانیکەران بۆ ناوچە گەشتیارییەکان زۆر لەوە زیاترە کە رادەگەیەندرێت.

رۆژی (27ـی حوزەیرانی 2023)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، به‌پێی ئاماره‌كانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر له‌ 19 بۆ 27ـی حوزه‌یرانی 2023، زیاتر له‌ 100 هه‌زار گه‌شتیار و میوان سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌.

هاوکات رۆژی (28ـی حوزەیرانی 2023) نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە شاری هەولێر 287 هۆتێل و 85 مۆتێل بۆ گەشتیاران ئامادەکراون، هەروەها شوێنەکانی مانەوە لە شاری هەولێر توانای لەخۆگرتنی 50 هەزار گەشتیاری لە شەوێکدا هەیە.

لەلایەن خۆشیەوە، رۆژی (27ـی حوزەیرانی 2023)، بێوار سندی، گوته‌بێژی گه‌شتوگوزاری زاخۆ به‌ كوردستان24 راگه‌یاند، بۆ رۆژانی جه‌ژن هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی پێویستیان كردووه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ میوانان و گه‌شتیاران و پێشبینی ده‌كه‌ن نزیكەی 70 ھەزار گەشتیاری ناوخۆ و دەرەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بكه‌ن.

رۆژی (26ـی حوزەیرانی 2023) چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانە لە 1ـی حوزەیران بۆ 1ـی ئەیلوول، رێژەیەکی زۆر لە گەشتیاران روو لەناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن و ئاشکراشیکرد، لە پلانیاندایە بۆ وەرزی پاییز چەند فێستیڤاڵێک ئەنجامبدەن.

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆرانیش، له‌ سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 500 هەزار گه‌شتیار کە 150 هه‌زاریان گه‌شتیاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن،‌ سه‌ردانی ناوچه‌گه‌شتیارییه‌كانی ئیداره‌ی سەربەخۆی سۆرانیان كردووه.