باڵیۆزی یهكێتی ئهوروپا له عێراق: پەرەسەندنێکی باش لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە
K24 - هەولێر
باڵیۆزی یهكێتی ئهوروپا له عێراق رایدەگەیەنێت، پەرەسەندنێکی باش لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە. هۆشداریش دەدات "بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتیش جۆرێکە لە گەندەڵی."
فیلا فاریۆلا، باڵیۆزی یهكێتی ئهوروپا له عێراق لە میانی دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەری (العربي الجديد) ئاشكرایكردووه، عێراق رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی وهك گهندهڵی ئیداری بووەتەوە، کە پێویستی بە ئەنجامدانی چاکسازیی هەمەلایەنە هەیە. هۆشداریش دەدات "بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتیش جۆرێکە لە گەندەڵی."
وەکو ئەوەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوروپا باسی دەکات، "پەرەسەندنێکی باش لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە، هیوادارین ببێتە هۆی پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەروەت و سامان له وڵاتدا."
فاریۆلا ئاماژهی بهوهشكردووه، "یەکێتی ئەوروپا وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو لە چوارچێوەی هەوڵەکانماندا پشتیوانیمان لە بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و سەروەری یاسا کردووە."
باڵیۆزی یهكێتی ئهوروپا له عێراق پێیوایە سوودانی سەرەتایەکی باشی دەستپێکردووە و کارەکانی حکومەتەکەی ئهرێنی دەبینن، "لەوانە خواستی چاکسازی لە سیستەمی دژە گەندەڵیدا ههیه و پشتیوانی پهرلهمانیشی لهگهلدایه، ئەمەش وادەکات حکومەت بتوانێت ئەوەی بەڵێنی داوە جێبەجێی بکات."