کێڤن سپەیسی لە دادگایەکی لەندەن رووبەڕووی تۆمەتی نوێ دەبێتەوە

پێشتر بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر چەند پیاوێک دادگایی کراوە
کێڤن سپەیسی
کێڤن سپەیسی

K24 - هەولێر:

ئەکتەری ئەمەریکی بەناوبانگ، کێڤن سپەیسی کە پێشتر بە دەستدرێژی کردنە سەر چەند پیاوێک تۆمەتبار کرابوو، لە دادگایەکی لەندەن رووبەڕووی چەند تۆمەتێکی نوێ دەبێتەوە.

ئەو ئەکتەرە ئەمەریکییە لە دادگای ساوسوارکی بەریتانیا رووبەڕووی 12 تۆمەت دەبێتەوە، تۆمەتەکان لەلایەن چوار پیاوەوە دراوەتە پاڵی کە گوایە لە ساڵی 2001 تا 2013 ئەنجامدراون.

کێڤن سپەیسی تەمەن 63 ساڵ هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و وەک پارێزەرەکەی دەڵێت: تۆمەتەکان دوورن لە راستییەوە.

ئەو ئەکتەرە ئەمەریکییە زیاترە لە 10 ساڵی لە بەریتانیا بەسەر بردووە لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2015 کە ئەوکات وەک بەڕێوەبەری شانۆی ئۆڵد ڤیک لە لەندەن دامەزراوە.

لە دادگاییەکدا داواکاری گشتی، کریستین ئاگنێو ئەو تۆمەتە نوێیانەی خستەڕوو کە کێڤن سپەیسیی پێ تۆمەتبار کراوە و گوتیشی: ئەو ئەکتەرێکی بەناوبانگە کە چەندین خەڵاتی بردووەتەوە، هاوکات ناسراوە بەوەی دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر پیاوانی دیکە.

بە گوتەی کریستین ئاگنێو، "کێڤن سپەیسی رێز لە تایبەتمەندی کەسی یان سنووری تاکە کەسی ناگرێت و پیاوێکە کە پێدەچێت دڵخۆش بێت بەوەی کەسانی دیکە هەست بە بێدەسەڵاتی و ناڕەحەتی بکەن، ئەو چەوسێنەرێکی سێکسییە."

بە گوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی BBC، کریستین ئاگنێو بە وردی ئەو تۆمەتانەی خستووەتەڕوو کە بە گوتەی سكاڵاکارەکان، لەلایەن (کێڤن سپەیسی)ـەوە دەستدرێژیان کراوەتە سەر.

ئەو پیاوانەی سکاڵایان لە کێڤن سپەیسی هەیە، ئێستا تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵان دایە و لە بوارە جیاوازەکانی هونەردا کاریان کردووە.

کێڤن سپەیسی پێشتر تۆمەتی هاوشێوەی رووبەڕوو کراوەتەوە و دواینیان لە مانگی یەکی ئەمساڵ بوو، کە تێیدا بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر چەند کەسێک تۆمەتبار کرابوو.