وۆڵ ستریت جۆرناڵ: لە چین بازرگانیکردن بە ژنان و بەزۆر بەشوودانیان سەری هەڵداوەتەوە

سنووری باکووری چین و ڤێتنام
سنووری باکووری چین و ڤێتنام

K24 - هەولێر

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە چین سەری هەڵداوەتەوە، دوای ئەوەی ئەو وڵاتە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو رێکارەکانی کۆڤید 19ی هەڵگرت.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت: دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بریتییە لە فرۆشتنی ژنان لە ڤێتنامەوە بە چین بۆ هاوسەرگیری کردنی زۆرەملێ لەگەڵ پیاوانی چینی.

مانگی رابردوو ئۆتۆمبیلێکی حەوت سەرنشینی  14 کەسی هەڵگرتبوو، لە شاری جینگشی کە شارۆچکەیەکی بچووکی چینییە و لەسەر سنووری ڤێتنام لەسەر لێوارێک کەوتووەتە خوارەوە و 11 کەس گیانیان لەدەستداوە.

میدیاکانی ڤێتنام و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رایانگەیاند، کە قوربانییەکان هەموویان ڤێتنامین، دەسەڵاتدارانی خۆجێیی شاری جینگسی رایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکەن وەک بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

لە مانگی شوباتدا پۆلیسی پارێزگای باک لیو کە ناوچەیەکی کەنار دەریایە لە باشووری ڤێتنام رایگەیاند، دەسەڵاتداران باندێکیان دەستگیرکردووە کە بەشداربوون لە بە قاچاخبردنی کچانی ڤێتنامیی خوار تەمەنی 16 ساڵی، کە فێڵیان لێکراوە و فرۆشراون بە چین.

چاودێرانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە قازانج نەویستەکان دەڵێن ئەم ڕووداوانە لە نیشانەکانی گەڕاوەتەوە بازرگانیکردن بە ژنان و کچان بۆ چین.

جیاوازی ڕەگەزی چین بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان وایکردووە ملیۆنان پیاو نەتوانن ژن بدۆزنەوە و خێزان دروست بکەن.

بەپێی داتاکانی سەرژمێری ساڵی 2020، لەنێو چینییەکان کە تەمەنیان لە 20 بۆ 40 ساڵیدایە، ژمارەی پیاوان 17.5 ملیۆن لە ژنان زیاترن.

ڕۆبێرتسۆن، کە لە تایلەند نیشتەجێیە، دەڵێت: هەندێک لە بازرگانەکان بە پێشنیاری کار ژنان ڕادەکێشن، هەندێکی دیکەش فێڵ لە کچان دەکەن و وەک خۆشەویست خۆیان پیشان دەدەن و گەشتیان بۆ چین پێ دەکەن.

لە بەرامبەردا بەرپرسانی چین بەڵێنیان داوە بە توندی سزای قاچاخچییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بدەن.