کوردێکی دانیشتووی ئەفغانستان باس لە بوونی سەدان هەزار کورد لەو وڵاتە دەکات

زیاتر لە 350 هەزار کورد لە ئەفغانستان دەژین

K24 - هەولێر:

کوردێک له‌ ئه‌فغانستان، لەکاتی سەردانیکردنی پێشانگایەکی وێنەیی سەبارەت بە مێژووی خەباتی کورد لە نوسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن رایگەیاند، سەدان هەزار کورد لە ئەفغانستان نیشتەجێن.

محەممەد نادر، هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی ئەفغانستانه‌، کاتێک ئەم پێشانگایە دەبینێت، مێژووی کۆچی بەشێک لە کوردەکانی بۆ ئەفغانستان بە بیر دێتەوە و سەبارەت بە مێژووی ئەم ئامادەبوونە به‌ كوردستان24ـی گوت: كورد هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ كۆچیان بۆ ئه‌فغانستان كردووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدا، لە سەدەی سێزدە و چاردە كورد لەوێ دەسەڵاتدار بوون. بەڵام بە دیاریکراوی نه‌ته‌وه‌ی ئێمە لە سەردەمی ئەحمەد‌شای عەبداڵی هاتوونەتە ئەفغانستان و لەوێ نێشتەجێ بوونه‌.

هه‌روه‌ها گوتی : هیوادارم برای کوردی خۆتان کە لە ئەفغانستان دەژی و برایانی هاونەژاد و هاونەتەوەتانن، لەگەڵ ئێوەدا یەکتر بناسن و لە نزیکەوە بیانبینن کە وەک بەشێک لە نەتەوەی دلێری ئێوە لە وڵاتێکی زۆر دوورە دەست نیشته‌جێن و ساڵەهای ساڵە دوور لە برایانی هاونەتەوە و هاوخوێنی خۆیان دەژین.

محەممەد نادر دەڵێت: لە نزیکەی 350 بۆ 385 هەزار کورد له‌ ئەفغانستان ده‌ژین، هەموویان زمانی خۆیان لەبیر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی نیشته‌جێی ئه‌فغانستان دوای بینینی پێشانگای وێنەی دۆکیۆمێنتاریی و مێژووی خەباتی گەلی کوردستان، ئاوڕێک لە مێژووی بوونی کورد لەم وڵاتە دەداته‌وه‌ و دەشڵێت: ئەو شتانەی دەربارەی کوردان بیستبوومن و خوێندوومنەتەوە، هەمووی لێرە بە وێنە هه‌ن. بە تایبەت وێنەی مەلا مستەفا بارزانی باوکی بەڕێز بارزانیم بینی. وێنەی دیکەشم بینی کە لێره‌دا باس لە فەرهەنگی کوردان و خەباتیان کراوە. ژیانی نەتەوەیەکی دلێر، خەڵکێکی ئازا، ئەو ئەفسانانەی وێنەیان نییە، لە راستیدا هەست و هانده‌رێکی بۆ ئێمە دروست كرد.

له‌ لایه‌ن خویه‌وه‌ یونس محەممەد، فۆتۆگرافەری دۆکیۆمێنتاری خەڵکی پارێزگای هەولێری هەرێمی کوردستان، کە بە بۆنەی راگەیاندنی خوشکایەتی هەولێر و شاری ناشڤیل بانگهێشتی ئەمەریکا کرابوو بۆ سازدانی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی.

ئەو فۆتۆگرافەرە لەکاتی سازدانی پێشانگاکەی لە نوسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، دەڵێت:  ساڵی رابردوو وێڕای هاتنەئارای بە دەستە‌خوشكبوونی ناشڤیل و هەولێر، پێشنیارێکم لە رێکخراوی رۆحی ئەمەریکا بە ناوی  spirit of Amerıca  پێگەیشت.

هه‌روه‌ها گوتی : ئەوان داوایانکرد پێشانگایەکی من لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڕێوەببەن. من پێشوازیم لەم پێشنیازە کرد و هەستمکرد دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانم بەهۆی ئەو کارانەی کردوومن فەرهەنگ و دابونەریتی خەڵک و هەرێمی خۆمان واتە کوردستان به خەڵکی ناشڤیل و ئەمەریکا بناسێنم.

بوونی زۆری کورد لە شاری "ناشڤیل" لە ویلایەتی تێنسی، بووەتە ماڵی ئەو کوردانەی لە نزیکەی پەنجا ساڵ لەمەوبەرەوە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەوێ. ئێستا بوونی بەکۆمەڵی کورد لەم شارەدا بووەتە هۆی خوشکایەتی ناشڤیل و هەولێر.