هێمن سلێمان: لە پشووەكانی جەژندا كەمترین تاوان و سكاڵا لە دھۆك تۆماركراون

هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆك
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆك

K24 -هەولێر:

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆك، رایگەیاند، لە پشووەكانی جەژنی قوربان كەمترین تاوان و سكاڵا لە سنووری پارێزگای دھۆك تۆماركراون. سەبارەت بە رووداوی شەوی رابردووی نێوان دوو خێزان لە سنووری قەزای سێمێل، هێمن سلێمان، گوتی: کەسێک کوژراوە و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوونە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی تەمموزی 2023)، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆك، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، شەوی رابردوو رووداوێک لە نێوان دوو خێزان روویدا لە سنووری قەزای سێمێل کەسێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە برینداربوون.

گوتەبێژی پارێزگای دهۆک، راشیگەیاند، ئەو دوو خێزانە لە یەك بنەماڵەن، پێشتر كێشەیان ھەبووە و لەرۆژانی جەژندا جارێكی دیكە سەریھەڵداوەتەوە. هەروەها ئاشكرایشی كرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بكوژەكە خۆی رادەستی پۆلیس كرد.

هێمن سلێمان، گوتیشی: لە پشووەكانی جەژنی قوربان كەمترین تاوان و سكاڵا لە سنووری پارێزگای دھۆك تۆماركراون.

هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی تەممووزی 2023، هەمزە رەزیکی، گوتەبێژی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا،  بەروارد بە جەژنی رابردوو (جەژنی رەمەزان) رووداوەکان کەمیکردووە و هاووڵاتییان کەمتر سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردەوە. هاوکات روونیشیکردەوە، پلانەکەیان بۆ رۆژانی جەژنی قوربان زۆر بە باشی جێبەجێکراوە.