ئەمساڵ 30 حاجیی باکووری کوردستان و تورکیا لە سعوودیە گیانیان لەدەستداوە

دوو حاجی لە حەرەمی مەککەی پیرۆز دانیشتوون - وێنە: AFP
دوو حاجی لە حەرەمی مەککەی پیرۆز دانیشتوون - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

ئەمساڵ 30 هاووڵاتی باکووری کوردستان و تورکیا لەکاتی بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج لە وڵاتی سعوودیە گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا ئەمساڵ زۆترین حاجی ئەو وڵاتە سەردانی سعوودیەیان کردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا.

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، لە 30 ئاداری ئەمساڵ یەکەم کاروانی حاجییانی ئەو وڵاتە بەڕێکەوتووە و لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا 30 هاووڵاتی باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستاوە.

هاوکات باس لەوەشکراوە لە کۆی ئەو 30 هاووڵاتییەدا هەشت حاجییان ئافرەت بوون و زۆربەی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانیش لە ئەنجامی جەڵتەی دڵ و نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە هەڵکشانی تەمەنەوە بووە.

هەروەها میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەشکردووە، یەکەم کاروانی حاجییانی باکووری کوردستان و تورکیا رۆژی (2ـی تەمموزی 2023) دوای تەواوکردنی بە جێگەیاندنی ئەرکەکانی فەریزەی حەج دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و پرۆسەی گەڕانەوەیان تا 24ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی لێدوانێکی پێشتری عەلی ئەرباش، سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا، ژمارەی حاجییانی باکووری کوردستان و تورکیا ئەمساڵ گەیشتە 92 هەزار و 500 کەس کە ئەمەش زۆرترین ژمارەی حاجییانی ئەو وڵاتەیە لەماوەی 30 ساڵی رابردوو.

عەلی ئەرباش ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی رابردوو بەهۆی کاریگەرییەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، ژمارەی حاجییانی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 37 هەزار و 770 کەس، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵانی پێشووتریشدا، هیچ ساڵێک کۆی گشتی حاجییانی ئەو وڵاتە لە 80 هەزار زیاتر نەبووە.