ئانچیلۆتی پێیوایه ریال مه‌درید شه‌ڕیان پێده‌فرۆشێت
ئانچیلۆتی راهێنه‌ری بایرن میوشن له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی ریال مه‌درید بۆ گواستنه‌وه‌ی لیڤاندۆڤسكی هاته سه‌رهێڵ و توڕه‌بوونی خۆی له دژی یانه‌كه‌ی پێشووی ده‌ربڕی.
كارلۆ ئانچیلۆتی، راهێنه‌ری ئیتاڵی یانه‌ی باڤاری ئه‌ڵمانیا، له لێدوانێكدا كه ئه‌مڕۆ له پێگه‌ی ده‌یلی مه‌یلی بریتانیا بڵاو بۆته‌وه، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ ریال مه‌درید ده‌ستبه‌رداری لیڤاندۆڤسكی نابن.
ئانچیلۆتی ده‌شڵێت: پێم سه‌یره ریال مه‌درید خاوه‌نی (بێنزیما و كریستیانۆ)ـیه، كه‌چی واز له ئێمه ناهێنێت، یانه‌یه‌ك ئه‌م هه‌موو ئه‌ستێره‌یه‌ی هه‌بێت، یاریزانی دیكه‌ی بۆچییه؟.
ئانچیلۆتی گوتیشی: نازانم ریال مه‌درید خه‌ریكی چییه، ئه‌گه‌ر پێویستیشیان به لیڤاندۆڤسكی هه‌بێت، ئێمه پێیان نافرۆشین، چونكه من لیڤا به هیچ هێرشبه‌رێكی دیكه‌ی جیهان ناگۆڕمه‌وه.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی ته‌مه‌ن 27 ساڵان، 2 وه‌رز له‌گه‌ڵ بایرن میونشن بۆته پاڵه‌وانی بۆندزلیگا، دوو جامی ئه‌ڵمانیاشی بردۆته‌وه، له وه‌رزی 2013 ـ 2014 له بۆندزلیگای ئه‌ڵمانیا 20 گۆڵی كرد، له وه‌رزی 2015 ـ 2016 به 30 گۆڵ بووه گۆڵكاری خوله‌كه.