دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی هەولێر دەکرێت  

ژمارەیەک سەگی بێلانە لە هەولێر
ژمارەیەک سەگی بێلانە لە هەولێر

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، شەممەی داهاتوو دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی سنووری پارێزگاکە دەکرێت و دەبرێنە ئەو شێڵتەرە تایبەتەی بۆیان دروستکراوە. هاوکات روونیشیکردەوە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری شێڵتەرەکەیان دەستنیشانکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی تەممووزی 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کارەکانی ئەو شێڵتەرە تایبەتەی لە دەرەوەی شاری هەولێر بۆ سەگە بێلانەکان دروستکراوە، تەواوبوون و، رۆژی شەممەی داهاتوو 8ـی تەممووزی 2023، دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دەکرێت.

وەکو ئەوەی پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی کرد، پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لەناو شار و دەرەوەی شار و سەرجەم ناحیە و قەزاکانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە. ئاماژەی بەوش دا، لەماوەی داهاتوودا هەڵمەتێک رادەگەیەنن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیش هاوکاربن لەگەڵیان بۆ کۆکردنەوەی ئەو جۆرە سەگانە.

بەگوتەی ئومێد خۆشناو، دکتۆر هێمن محەممەد، وەك بەڕێوەبەری شێڵتەرەکە دەستنیشان کراوە. لە شێڵتەرەکەدا "چارەسەری سەگەكان دەكرێت و ڤاكسینیان لێ دەدرێت بە جۆرێك تێكەڵ نەبن لەگەڵ سەگی تر كە چارەسەر نەكراون."

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 21 هەزار سەگی بێلانە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن و لەماوەی چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە 300 حاڵەتی پەلاماردان و گەستن لەلایەن سەگی بێلانەوە بۆ سەر هاووڵاتییان لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر تۆمارکراون.

دوای ئەوەی پەلاماردانی هاووڵاتییان لە لایەن سەگی بێلانەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر زیادیکرد، بڕیاردرا لە دەرەوەی شار شێڵتەرێک بە گوژمەی 450 ملیۆن دینار بۆ سەگی بێلانە دروستبکرێت. شێڵتەرەکە لەسەر 20 دۆنم زەوی لە ناوچەی لاجانە دەستیپێکردووە کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە

رۆژی چوارشەممە 7ـی حوزەیرانی 2023، سلێمان تەمەر، پزیشکی ڤێرتەرنەری و  بەرپرسی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی ئاژەڵانی کێوی لە دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ کێشەی زۆرربوونی سەگە بێلانەکان لە هەرێمی کوردستان، خەساندنیانە لە رێگەی نەشتەرگەریی پزیشکییەوە و، وەکو خۆی دەڵێت، رێکارەکە لە بەریتانیا، هیندستان، ئەمەریکا و زۆرێک لە وڵاتان گیراوەتەبەر، نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی لێدەکات و سەرکەوتوو بووە.

لەبارەی ژمارەی سەگە بێلانەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەو پزیشکەی ڤێرتەرنەی گوتی، "سەردانی زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانم کردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی سەگە بێلانەکان بکەم. پێموایە لە سنووری پارێزگای سلێمانی سەرووی 30 هەزار، لە سنووری هەولێر سەرووی 20 هەزار و لە سنووری دهۆکیش سەرووی 10 هەزار سەگی بێلانە هەن".

وەکو ئەوەی سلێمان تەمەر ئاماژەی پێ دەدات، "ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و نەبوونی خواردن و خواردنەوەی پێویست لە گوندەکان، سەگە بێلانەکان روویان لە سەنتەری شارەکان کردووە و خواردنی پێویست لەبەر دەرگای ماڵان و نێو تەنەکەی خوڵدا بەدەستدەهێنن".