راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەخت لەسەر داخستنی کەمپی هۆل دەکاتەوە

قاسم ئەعەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
قاسم ئەعەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 – هەولێر:

قاسم ئەعەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، جەختی لە گرنگی پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دۆسییەی کەمپی هۆل و کارکردن بۆ داخستنی كردەوە.

ئەمڕۆ(3ـی تەمموزی 2023)، قاسم ئەعەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە میانەی دیدارێكیدا لەگەڵ جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جەختی لەسەر داخستنی کەمپی هۆل کردەوە بەو پێیەی کە مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دروست دەکات.

پێشتریش قاسم ئەعەرەجی لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا، داوای کرد پێش کۆتایی هاتنی ئەم ساڵ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەسەر کەمپی هۆڵ سازبکرێت.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا تاوتوێی زۆر دۆسیە و بابەتی هاوبەشیان کرد کە لە پێش هەموویان دۆسیەی کەمپی هۆلی سووریا بوو، ئاماژەیان بەوەشکرد، پێویستە وڵاتان هاووڵاتیانی خۆیان لە کەمپەکە بگوازنەوە بۆ وڵاتەکانیان، ئەمە جگە لەوەی تاوتوێی بەردەوامی هاوکارییەکانیان کرد لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوکاری نێوان عێراق و ئەمەریکا.

ئەعرەجی گوتیشی: رێبازی پتەوی وڵاتەکەی درێژەدان بە هاریکارییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. روونیشیکردەوە، سیاسەتی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتاندایە.