شەڕ و پێکدادان لە نێوان تونسییەکان و کۆچبەرانی نایاسایی لە سەفاقس روویدا

K24 - هەولێر:

دەسەڵاتی دادوەری تونس لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد، ئەمەش دوای پێکدادانەکانی نێوان کۆچبەرانی نایاسایی بیابانی باشوری ئەفریقا و دانیشتوانی شاری سەفاقسی تونس، ئەو شارەی کە خاڵی دەستپێکی سەرەکیە بۆ کۆچبەری نایاسایی لە تونسەوە بەرەو ئەوروپا.

ئەمڕۆ دووشەممە (3ـی تەمموزی 2023)، فەوزی مەسمودی، گوتەبێژی دادگای شاری سەفاقسی تونسی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، پێکدادان لەنێوان کۆچبەران و دانیشتوانی گەڕەکێکی شاری سەفاقس روویداوە.

مەسمودی روونیشیکردەوە، ئەو پێکدادانانە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێل و ماڵەکان، بەبێ ئەوەی هیچ بریندارێکی لێبکەوێتەوە.

میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، پۆلیس دەستوەردانی کردووە، بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان.

توندوتیژیەکان دوای گوتارێکی  قەیس سەعید، سەرۆکی تونس دێت لە 21ی شوباتدا، کە تێیدا رەخنەی لە بوونی زۆری کۆچبەرانی نایاسایی لە وڵاتەکەی گرت، باسی لە پیلانگێڕییەک کرد بۆ گۆڕینی "پێکهاتەی دیمۆگرافی" تونس.

شاری سەفاقس دەکەوێتە ناوەڕاستی رۆژهەڵاتی تونس، خاڵی دەستپێکی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی نایاساییە بەرەو ئەوروپا و بەتایبەت ئیتاڵیا.

دانیشتوانەکەی بەردەوام ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بوونی کۆچبەرانی نایاسایی لە شارەکەیان و داوای رۆشتنیان دەکەن.