بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکان نیگەرانن لە راگرتنی گەشتەکانی تورکیا بۆ سلێمانی

تورکیا راگرتنی گەشتەکانی ئاسمانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دەسەڵاتى فڕۆکەوانى تورکیا، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە، لە بڕیارێکی نوێدا، راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی تا سەری ساڵی نوێ درێژکراوەتەوە، بەهۆکاری سیاسی و ئەمنی پەیوەست بە تورکیاوە، لە 3ى نیسانى ئەمساڵەوە، حکومەتی ئەنقەرە بڕیاریدا بوو گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ فڕۆکەخانەى نێو دەوڵەتى سلێمانى تا مانگى تەمموز رابگرن، بەڵام جارێکی دیکە قەدەغەى ئەو گەشتانەی درێژ کردووەتەوە، بازرگانان و کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە سلێمانی رایدەگەیەنن، ئەو بڕیارە زیانێکى زۆر لە ئیشوکاری ئەوان داوە و بە درێژکردنەوەشی زیانی زیاتریان بەردەکەوێت.

دلێر تاهیر، زێڕنگەرێکی سلێمانییە و دەڵێ: "درێژکردنەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتەکانی تورکیا بۆ سلێمانی زیانى زۆری بۆ ئێمە هەیە، هاتووچۆمان لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا نامێنێ، دەبێ بچین بۆ هەولێر و ئەویش گرفتى هەیە، چونکە ئێمە کاتێک سەفەر دەکەین زێڕمان پێیە، ئەگەر لە بەغداشەوە بچین هەمان گرفتمان هەیە و مەترسی تێدایە".

ئەو بڕیارەى تورکیا کە بڕیارێکى سیاسیە و چەند هۆکارێکى هەیە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئیشی نووسینگەکانى گەشتیارى دەکات، چونکە لە ماوەى چوار مانگى رابردوودا کارى کۆمپانیا گەشتیارییەکان بەڕێژەى لەسەدا 40 بۆ 50 کەمىکردووە.

عەتا ئەنوەر، سەرۆکى لقى سلێمانى نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکانى سلێمانى  بە کوردستان24ی راگەیاند: "کارى زۆربەى زۆرى کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکان، تەنانەت ئەو گەشتیارانەشى کە سەفەر دەکەن لێرەوە بۆ ئەوروپا، لە رێگەى وڵاتى تورکیاوە ئەمە خۆى بۆخۆى لەسەدا 40 بۆ 50ى کارى ئەو کۆمپانیانە راگیراوە، ئێستا بەردەوام دەبێ تا ساڵى داهاتوو ئەمەش زەرەرێکی زۆر بە ئێمە دەگەیەنێت، بە تایبەتى ئەو کۆمپانیانەى کە کارمان لەسەر تورکیایە ".

بەگوێرەی داتاکان راگرتنى گەشتەکان لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانییەوە بۆ فڕۆکەخانەکانى تورکیا، تەنیا زیان بە داهاتى سلێمانى دەگەیەنێت، چونکە فڕۆکەخانەى سلێمانى یەکێک لەو بەندەرە ئاسمانیانە بوو کە زۆرترین گەشتى بۆ تورکیا لێوە دەکرا، بەپێى بەدواداچوونەکان لە چەند مانگى رابردوودا راگرتنى گەشتەکان بۆ تورکیا بە رێژەى لەسەدا 30 زیانى بە جموجوڵى بازرگانى سلێمانى گەیاندووە، درێژ کردنەوەشى بۆ ساڵى داهاتوو زیانەکان زیاتر دەکات.