لە رۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیاندا ئەمەریکییەکان زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بۆ یارییە ئاگرینەکان خەرج دەکەن

یارییە ئاگرینەکان لەسەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە ئەمەریکا
یارییە ئاگرینەکان لەسەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەمەریکییەکان هەموو ساڵێک لە 4ی تەمموز ئاهەنگی رۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەگێڕن، کە گرنگترین شت لەو بۆنەیە یارییە ئاگرینەکانە، سەرەڕای مەترسییەکانی.

ئاهەنگگێڕانی رۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ 4ی تەمموزی ساڵی 1776، کاتێک کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر جیابووونەوەی لە بەریتانیا دەربڕی و جاڕنامەی سەربەخۆیی لەلایەن پێنج کەسەوە داڕێژرا، دیارترینیان تۆماس جێفرسۆن و جۆن ئادەمز بوون، کۆنگرێس بە فەرمی راگەیاندنی سەربەخۆیی پەسەندکرد.

هەروەها لە ساڵی 1870 کۆنگرێس رۆژی چوارەمی تەممووزی بە پشووی فیدراڵی ناساند و رۆژی سەربەخۆیی بوو بە هێمای نیشتمانپەروەری، بەڵام یارییە ئاگرینەکان بوو بە نەریتێکی دامەزراو بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی چوارەمی تەمموز؟.

نمایشکردنی یارییە ئاگرینەکان هەر لەسەرەتاوە بەشێکی گەورەی رۆژی سەربەخۆیی بووە، بەگوێرەی جۆن ئادەمز، یەکێک لە دامەزرێنەری ئەمەریکا لە نامەیەکدا بۆ ئێبیگێڵی هاوسەری لە بەرواری 3ی تەمموزی 1776دا نووسیویەتی و دەڵێت: پێویستە ساڵڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا بە بۆمب و باروت و یاری و وەرزش و دەمانچە و زەنگ و رووناککردنەوە لە سەرێکی ئەم کیشوەرەوە بۆ سەرەکەی تر تا هەتایە ئاهەنگ بگێڕدرێت.

یارییە ئاگرینەکان چەند سەدەیەک پێش ئەوەی ئەمەریکا ببێتە وڵات بوونی هەبووە، وەک کۆمەڵەی یارییە ئاگرینەکانی ئەمەریکا دەڵێن زۆرێک لە مێژوونووسان پێیان وایە کە یەکەمجار یارییە ئاگرینەکان لە سەدەی دووەمی پێش زایین لە چینی کۆن پەرەی پێدراوە بە فڕێدانی چەقۆی بامبۆ بۆ ناو ئاگر، کە بووە هۆی تەقینەوە.

ئامارەکانی کۆمەڵەی یارییە ئاگرینەکانی ئەمەریکا دەریدەخەن کە لە ساڵی 2000 بەکارهێنەرانی ئەمەریکی 407 ملیۆن دۆلاریان بۆ یارییە ئاگرینەکان خەرج کردووە، تا ساڵی 2022 ئەو ژمارەیە بۆ 2.3 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە.

کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فرۆشی یارییە ئاگرینەکان لە ساڵی 2019 دا، یەک ملیار دۆلار بووە، هەروەها لەساڵی 2020دا ئەو رێژەیە بەرزبووەوە بۆ یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار، پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ 100 ملیۆن دۆلاری دیکە فرۆشی کۆمپانیاکە بەرزبێتەوە.