سوودانی سکاڵا لەسەر ئەم بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە کە یاسایی نین تۆمارکرد

K24 – بەغدا:

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، وەک کاردانەوەیەک سەرجەم ئەو ماده و بڕگانەی کۆکردەتەوە کە لە پەرلەمان گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە و  یاسایی نین و پابەندبوونی دارایی تێدایە ، لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە سەر تۆمارکردوون.

لە دواین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نوسینگەی هومام حەمودی بە ئامادەبوونی سودانی، تاوتوێی جێبەجێکردنی یاسایی بوودجە کراوە. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستی کوردستان24 کەوتوون، گفتوگۆی توندیش دروست بووە لە سەر ماددەی 71 کە باسی لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی ئەو پۆستانە دەکات کە بەوەکالەت بەڕێوەدەبردرێن، دابەشکردنەوەی پۆستەکانیش ناکۆکی دروست کردووە و نەگەشتوونە رێكکەوتن.

بەپیێ زانیارییەکانی کوردستان24، بۆ رۆژی دواتر سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک کاردانەوەیەک سەرجەم ئەو ماده و بڕگانەی کۆکردەتەوە کە لە پەرلەمان گۆڕانکاریان بەسەرهاتووە و یاسایی نین و پابەندبوونی دارایی تێدایە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە سەر تۆمارکردوون.

ئەیسەر حەسوونی - شارەزایی سیاسی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ماددەی 75ی یاساکە باسی گرێبەستی رۆژانە دەکات لە سەر پشکی وەزارەت و پارێزگاکان گرفت دروستبووە ، هەروەها ماددەی 71یش باسی کۆتاییهێنان بە ئەو پۆستانە دەکات کە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش ڕێککەوتن لە سەر دابەشکردنەوەی نەکراوە بۆیە ناکۆکی سیاسی لە نێو کۆبوونەوەکەی ماڵی هومام حەمودی دروست دەبێت کە هەموو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەبوون ، دواتریش بینیمان سودانی سکاڵای تۆمار کرد". 

بەسیاسی کردنی یاسایی بوودجە و تانەکەی سەرۆک وەزیران کارەکانی جێبەجێکردنی یاساکە سیست دەکات و ئەو مادانەش کە سکاڵایان لە سەرە بە شێوەیەکی کاتی رادەگیرێن، هەر بە گوێرەی زانیارییەکان وەزارەتی دارایش بە نیازە سکاڵا لە لیژنەی دارایی تۆماربکات بە بیانوی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەستکاری یاسایی بوودجەیان کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، سەڵاح بووشی، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، بۆ کوردستان24، گووتی: دەسەڵاتی جێبەجێکار پێداگیرە لە سەر هەڵوێستی و دەڵێن ئامانجمان خزمەتکردنە، بەمەش لایەنە سیاسیەکانی شەرمەزارکردووە، چونکە هەوڵ دەدەن گۆڕانکاری چەند بڕگە و ماددەیەکی یاساکە بۆبەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن، ئەمەش شتێکی ئاساییە.