بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق چاوەڕێی وەڵامی هەولێرە

هەڵبژاردن
هەڵبژاردن

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ رۆژێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشاننەکراوە و چاوەڕێی نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی تەممووزی 2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشاننەکراوە و چاوەڕێی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی بە نووسراوێکی فەرمی رۆژەکەیان بۆ دەستنیشانبکەن و ئەوانیش دەست بە ئامادەکاری بکەن.

دوێنێ سێشەممە 4ـی تەممووزی 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەرۆکایەتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە سەرۆکایەتی عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کرد.

جومانە غەلای ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان کردووە. کۆمیسیۆن ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام دووپاتیشیانکردووەتەوە، ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە یەک کاتدا بەڕێوەببەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، بۆ ئەوەی بتوانن سەرکەوتووانە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، هەڵبژاردنەکە بە شەفافی و بێ کەموکورتی بەڕێوەببچێت، پێویستییان بە لانیکەمەوە حەوت مانگ هەیە.

لای خۆیەوە دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا دیار نییە کەی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتییەوە هەرێمەوە دەستنیشاندەکرێت. 

رۆژی دووشەممە 26ـی حوزەیرانی 2023، هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر، بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە. بڕیاروایە جارێکی دیکە هەردوو مەکتەب سیاسی بۆ تاوتوێکردنی هەمان بابەت لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆببنەوە.

رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق ئەنجام دەدرێت. پێشتر نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆژی 18ـی تشرینى دووەمى 2023ى دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرلەوەى لە 30ى ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى" لەقەڵەم بدات.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە "نایاسایی" ناساند.