پێدانی ڤیزای عومرە دەسپێدەکاتەوە

K24 - هەولێر

سعوودیە رایگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی وەرزی حەج، دەست بە پێدانی ڤیزا دەکات بەو کەسانەی نیازی ئەنجامدانی عومرەیان هەیە.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سعوودیە بڵاوی کردەوە، وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە لە رۆژی دووشەممە 3ی تەممووزەوە دەستی کردووە بە پێدانی ڤیزای ئەلیکترۆنی بەو کەسانەی نیازی ئەنجامدانی عومرەیان هەیە.

لە هەواڵەکەدا، ئاماژەی بەوە کراوە، دەتوانرێت داواکاری ڤیزای ئەلیکترۆنی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "Nusuk"ەوە پێشکەش بکرێت.

هەر لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە دەتوانرێت داواکاری لە هەموو وڵاتانەوە پێشکەش بکرێت بۆ ئەنجامدانی عومرە بۆ شاری مەککە و سەردانیکردنی مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ.) لە شاری مەدینە.

ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو کەسانەی کە ڤیزای عومرەیان وەرگرتووە، دەتوانن لە یەکی موحەرەمی 1445ی کۆچییەوە (19ی تەممووز) گەشت بۆ سعوودیە ئەنجام بدەن.

وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە رایگەیاندبوو، ئەمساڵ یەک ملیۆن و 845 هەزار کەس لە 150 وڵاتەوە بوون بە حاجی.