حاجییەکی کوردستان: حەج مرۆڤ لە ژیان و خواپەرستی دەگۆڕێت

K24 – هەولێر

حەج یەکێکە لە پێنج فەریزەکانی ئایینی ئیسلامی، موسڵمانان ساڵانە بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەریزەیە روو لە عەرەبستانی سعوودیە دەکەن، حاجییەکی کوردستان کە ئەمساڵ بە رێگەی وشکانی ئەو فەریزەیەی جێبەجێ کردووە دەڵێت: حەج مرۆڤ دەگۆڕێت و وای لێدەکات بۆ جۆرێکی دیکە ژیان و خواپەرستی بکات.

رۆژی چوارشەممە 5/7/2023، یەکەم کاروانی حاجییان گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی کاروانەکە بە رێگای وشکانی بوو، ژمارەیان بریتییە لە 690 حاجی، کەس و کارییان لە چاوەڕوانیاندا بوون تا ئەوکاتەی گەیشتنەوە.

حاجی کەیفی محەممەد، یەکێک بوو لەو حاجیانە بە کوردستان24ی گوت: "بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج هەر بۆ ناو نییە و پێویستە لە دڵ و دەروون و کردارەکانمان رەنگبداتەوە، جێبەجێکردنی ئەو فەریزەیە وا لە مرۆڤ دەکات جیاواز بێت لەگەڵ رابردوو لە رووی خواپەرستی و ژیان بە گشتی".

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، ئەمساڵ بۆ یەکەم جار حاجیانی هەرێمی کوردستان بە حاجیانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی بچنە سعوودیە".

بەگوێرەی داتاکان ئەمساڵ 37 هەزار هاووڵاتی لە عێراق  بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج چوونەتە سعوودیە. لەو ژمارەیە چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن.