نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی زیادبوونی توندوتیژییە سێکسیەکان دەکات لە سوودان

ئافرەتێکی سوودانی
ئافرەتێکی سوودانی

K24 - هەولێر

هەرچەندە بەر لەشەڕی سوودان ئافرەتانی ئەو وڵاتە تووشی توندوتیژی سێکسی دەبوونەوە، بەڵام دوای شەڕ باردۆخەکە قورستر بووە، کە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی ئەو کارە دەکەن.

زۆرێک لە سەرکردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان دەرکرد و گوتیان: تووشی شۆک بووین بەو راپۆرتانەی کە باس لەزیاد بوونی توندوتیژیە سێکسیەکان بەرامبەر بە ئافرەتانی ئاوارە و پەنابەرە سوودانیەکان دەکات.

مارتن گرێیڤ، بەرپرسی کاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوەی بەرامبەر منداڵان و ئافرەتانی سوودانی دەکرێت قەبوڵ کراو نیە، ئەوان بەهۆی ئەو شەڕو ململانێیانە ژیانیان پێچەوانە بووەتەوە، ئەوەی دەیبینین قەیرانێکی مرۆییە.

فۆلکەر تورک، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: لە ئەنجامی ئەو کارە دڕندانەییانەوە ئافرەتانی سوودان دەستیان بە هاوکارییە پزیشکیەکان و دەروونیەکان ناگات، تەنها کەمێکیان نەبێت.

ئاژانسەکان رایانگەیاند، لەسەرەتایی شەڕەوە، بەگوێرەی زانیارییە باوەرپێکراوەکان، 21 حاڵەتی توندوتیژی سێکسی بەرامبەر 57 ژن و کچ ئەنجام دراوە، کەلانی کەم  20 ژن دەستدرێژیان کراوەتە سەر.