توێژینەوەیەک لەسەر پلەی گەرمی بەرگە هەوای خۆر زانایانی تووشی سەرسوڕمان دەکات

K24 - هەولێر

پشکنەری ئەوروپی "سۆلار ئۆربیتەر" لە نزیکەوە چاودێری "بارانی ئیکلیلیە"ی کردووە، کە دیاردەیەکە کە پلەکانی گەرما دەگاتە سەرووی ملیۆنێک پلەوە لە کۆمەڵەی خۆردا، ئەمەش بەپێی توێژینەوەیەک بووە، کە لە کۆبوونەوەی نیشتمانی فەلەکناسی بەریتانیادا ئەنجامەکانی خراوەتەڕوو.

فەلەکناسی پاتریک ئەنتۆلین لە زانکۆی نۆرسەمبریا رایگەیاند، چاودێریکردنی ئەم بارانە "هەنگاوێکی گەورەیە لە بواری فیزیای خۆردا"، چونکە "ئاماژەی گرنگ دەدات سەبارەت بە گرنگترین گازەکانی خۆر"، بەتایبەتی سەبارەت بە سەرچاوەی گەرمای زۆر پلە بەرز.

ئەم پلەی گەرمییە زانایانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، هەروەک فرێدریک ئۆشەر، فەلەکناس لە پەیمانگای فیزیای فەلەکی بۆشایی ئاسمان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لەگەڵ پاتریک ئەنتۆلین بەشدارییان لە ئەنجامدانی توێژینەوەکەدا کردووە، کە لە گۆڤاری "ئەتسرۆنۆمی ئاند ئیسترۆفیزیکس"دا بڵاودەکرێتەوە.

پلەی گەرمی ناوەوەی خۆر کە دەگاتە 15 ملیۆن پلە، لەسەر رووی ئەو ئەستێرەیەی کە بە فۆتۆسفێر ناسراوە، بۆ نزیکەی پێنج هەزار پلە دادەبەزێت، زانایان سەریان سوڕماوە، چونکە دووبارە بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی ملیۆنێک پلە گەرمی، واتە چینی دەرەوەی بەرگەهەوای خۆر کە لە پلازما پێکهاتووە زۆری گازی ئایۆنیزە.

فرێدریک ئۆشەر دەڵێت: "ئەگەر ئێمە وا دابنێین کە رووی خۆر تیشکدانەوەیە، ئەوا پێویستە پلەی گەرمی کەمتر بێت، نەک بەرزتر، کاتێک لێی دوور دەکەوێتەوە".

فیزیاناسان پێشتر دەربارەی دیاردەی خەستبوونەوەی پلازمای خۆر ئاشکارایان کردووە، کە لە هەندێک شوێن سارد دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی دڵۆپەکانی پلازمای وەک باران بکەونە سەر رووی خۆر.