فوئاد حوسێن و هاكان فیدان كۆنفرانسی سێیه‌می به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی بۆ هاریكاری و هاوبه‌شی تاووتوێ ده‌كه‌ن
K24 - هەولێر:
عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ به‌ستنی كۆنفرانسی سێیه‌می به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی بۆ هاریكاری و هاوبه‌شی هاوكات توركیایش داوای به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی هه‌رێمی ده‌كات بۆ پشتوانیكردن له عێراق.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 6ـی ته‌ممووزی 2023) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، رۆژی چوارشه‌ممه 5ـی حوزه‌یرانی 2023، فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌میانی به‌شداریكردنی له كۆبوونه‌وه‌ی وزاری وڵاتانی بزووتنه‌وه‌ی بێلایه‌ن كه كاره‌كانی له باكۆی پایته‌ختی ئازربایجان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چاوی به هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه‌وت و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا تاووتوێی میكانیزمه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی هاریكارییه دووقۆڵییه‌كان و هه‌ماهه‌نگی ستراتیژی نێوانیان كرد به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به پرسه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، هه‌ریه‌ك له فوئاد حوسێن و هاكان فیدان هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌یان سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا و ناوچه‌كه‌ن به پێویست زانیوه، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕابوونه‌وه له‌سه‌ر له‌ناوبردنی تیرۆر‌و و پشتوانیكردن له ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه و ده‌رچوونی له ته‌نگژه و قه‌یرانه‌كان به‌دیهێنانی په‌ره‌پێدانی وڵاتان و گه‌لانی ناوچه و سوودوه‌رگرتنیان له سه‌رچاوه‌كانیان.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق باسی له‌وه كردووه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه، كه له ئێستادا عێراق خه‌ریكی ئاماده‌كارییه‌كانه بۆ به‌ستنی كۆنفرانسی سێیه‌می به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی بۆ هاریكاری و هاوبه‌شی كه تایبه‌ته به‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندییان به وڵاتانی دراوسێوه هه‌یه له‌ناویشیاندا پرسه ئه‌منییه‌كان و ئاشتی ناوچه‌كه و دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمه گونجاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان.
هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و توركیا گفتوگۆیان له‌باره‌ی كامپی ئه‌لهۆلی تایبه‌ت به خێزانی چه‌كدارانی داعش كردووه و به‌پێویست زانراوه، دانیشتووانی ناو ئه‌و كامپه بگوازرێنه‌وه و رووبه‌ڕووی ئه‌و ئاڵنگارییانه‌یش ببنه‌وه كه په‌یوه‌ندییان به‌و دۆسیه‌یه‌وه هه‌یه.