سبه‌ی زێلێنسکی سەردانی تورکیا دەکات

K24 - هەولێر:

میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند، سبەی هەینی ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەسەر بانگهێشتنامەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی تورکیا دەکات.

بەگوێرەی زانیارییه‌كانی میدیا توركییه‌كان، سبه‌ی هه‌ینی 7ـی ته‌مموزی 2023، زێلێنسکی و ئەردۆغان کۆدەبنەوە و دواتر شاندی هەردوولا ژمارەیەک کۆبوونەوە ئەنجامدەدەن و سەرجەم دیدارەکان لە ئیستانبوڵ بەرێوەدەچن.

لە کۆبوونەوە و دیدارەکاندا دوا پێشهاتەکانی جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا، رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە کە لە 17ـی تەمموز کۆتایی دێت، لەگەڵ پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەخرێنە بەرباس.

لە (22ی تەمموز/ یۆلیۆی 2022) بە چاودێری تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیستانبوڵ رێککەوتننامەیەکی گشتگیری گواستنەوەی دانەویڵە واژووکرا و بەو شێوەیەش پرۆسەی گواستنەوە دەستیپێکرد.

ئێستا پڕۆسەکە لە دیوی ئۆکرانیا لە سێ بەندەر بەردەوامە کە ئەوانیش بەندەرەکانی یۆژنی، ئۆدێسا و چێرنۆمۆرسک ـە.

بەو پێیەش یەکەم کەشتی لە بەندەری ئۆدێساـی ئۆکرانیا  (1ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022) دەستیپێکرد و تا رۆژی (25ـی کانوونی یەکەم/ دیسه‌مبه‌ری 2022) لەڕێگەی 585 کەشتییەوە 15 ملیۆن تەن دانەوێڵە گواستراوەتەوە بۆ بازاڕه‌كانی جیهان.

هاوکات گواستنەوەکە لەسەدا 44ـی بۆ ئەورووپا، لەسەدا 29ـی بۆ ئاسیا، لەسەدا 15ـی بۆ تورکیا و لەسەدا 12ـی بۆ ئەفریقا بووە.

دانەوێڵەکان لە 13 جۆر پێکهاتوون کە بریتین لە؛ جۆ، گەنم، سۆیا، گوڵەبەرۆژە، کەپەگی گەنم، بەزالیا، توێکڵی گوڵەبەرۆژە، خۆراکی تێکەڵەی بەکارهاتوو، شەکری چەوەندەر، زه‌یتی گوڵەبەڕۆژە، توێکڵی کانۆلا، گەنمەشامی و رۆنی سۆیا.

لە پرۆسەی گواستنەوەی دانەوێڵەدا ئیسپانیا زۆرترین بڕی بۆ گواستراوەتەوە کە 2.9 ملیۆن تەنە. هاوکات تورکیا و چین لە پلەی دووەم دێن کە هەر یەکێکیان 2.2 ملیۆن تەن دانەوێڵەیان بۆ گواستراوەتەوە.