بەریتانیا سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی ئێراندا سەپاند

ئاڵای ئێران و بەریتانیا
ئاڵای ئێران و بەریتانیا

K24 - هەولێر

بەریتانیا بە پاساوی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سزای نوێی بەسەر بەرپرسان و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێراندا سەپاند.

ئەمڕۆ هەینی 7ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، سزای بەسەر 13 بەرپرس و دامەزراوەی ئێراندا سەپاندووە. ئاماژە بەوەشکراوە، سزاکان بەڕێوەبەرانی زیندانەکان کە چاودێری ئەشکەنجەدان و ئەنجامدانی "مامەڵەی نامرۆڤانە" لە ئێران دەکەن، ئەو دامەزراوانەی کە ئەرکیان کۆکردنەوەی زانیاری تایبەتە بۆ رژێم، هەروەها ئەو کەسانەی کە لە رێگەی یاسا بەزۆر سەپێندراوەکانی تایبەت بە بەستنی سەرپۆش سەرکردایەتی چەوساندنەوەی ژنان دەکەن، دەکەنە ئامانج.

سزاکان بریتین لە قەدەغەکردنی گەشتکردن، بلۆککردنی سەروەت و سامانەکانی ئەو کەسانە لە بەریتانیا، ئەمەش رێگریی دەکات لە رێکخراوەکانی بەریتانیا کە بازرگانی لەگەڵ کەسانی سزادراودا بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە گوتەی جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کراوە کە رایگەیاندووە: "رژێمی ئێران فشار دەخاتە سەر گەلی خۆی و هەڕەشەی کوشتن و رفاندن دەکات".

کلێڤەرلی ئاماژەی بەوەش داوە کە بەریتانیا بەو سزا نوێیانە پەیامێکی روونی ئاراستەی رژێم کردووە و رایگەیاندووە: "بەرگەی ئەم رەفتارە خراپانە ناگرین و لێپرسینەوەتان لەگەڵدا دەکەین".

بە سەپاندنی ئەم سزایانە؛ ئێستا بەریتانیا 350 سزای چالاکی لەسەر دامەزراوە و کەسایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە. هاوکات لە بەرامبەردا حکومەتی ئێران سەرجەم ئەو تۆمەتانەی کە لەبارەی مافی مرۆڤەوە دەدرێنە پاڵی، رەتدەکاتەوە.