یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە فڕۆکە گەیشتنەوە هەولێر

گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان
گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

یەکەم کاروانی حاجییانی  هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتنەوە هەرێم و وابڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 350 حاجی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی دوو رۆژ پێشتریش 690 حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وشکانییەوە گەیشتنەوە هەولێر.

لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد هوشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بڕیاردرا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر شوێنێکی تایبەت بۆ گەشتی حاجییانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکەن، ئەمساڵ بەشێوەیەکی سەرکەوتوو لە چوون و هاتنەوەی کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان ئەو پلانەیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرد.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانە دوو گەشتی ئاسمانی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەبێت و جگەلە حاجییانی هەولێر و دهۆک، حاجییانی هەردوو پاریزگای نەینەوا و کەرکووکیش کە بە فڕۆکە گەشتییان کردووە، لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەگەڕێنەوە.

ئەمساڵ 37 هەزار هاووڵاتی لە عێراق  بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج چوونەتە سعوودیە و لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە کۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ لە 150 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کرد گەیشتە، ملیۆنێک و 845 هەزار و 45 حاجی و ملیۆنێک و 660 هەزار و 915 حاجی لە دەرەوەی سعوودیە و 184 هەزار و 130 حاجیش لە ناوەوەی سعوودیە ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجامدا.