زیلێنسکی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا

ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، بە سەردانێکی فەرمی گەیستە تورکیا و لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازی لێکرا.

ئەمڕۆ هەینی (7ـی تەمموزی 2023)، ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەیشتە ئەستەنبوڵ، هاوکات لەوێدا بە مەراسیمێکی سەربازی پێشوازی لە زێلێنسکی کرا.

پاشان دیداری ئەردۆغان و زیلێنسکی دەستی پێکرد، بەگوێرەی سەرچاوەکان، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی دوا پێشھاتەکانی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا و رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش کە لە 17ـی تەمووز کۆتایی دێت، دەکرێت.

هەروەها پێشبینی دەکرێت دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەردۆغان و زیلێنسکی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی (7ـی تەمموزی 2023)، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، بەوردی چاودێری ئەو تەوەرانە دەکەن کە لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا وڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەشدا، رۆڵی ئەنقەرە لەنێوەندگیریکردن لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەرزدەنرخێنن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا پەرەپێدەدەن.