دمیتری پێسکۆڤ: لەنزیکەوە چاودێری گفتوگۆکانی سەرۆکەکانی ئۆکرانیا و تورکیا دەکەین

دمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا
دمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، لەنزیکەوە و چاودێری گفتوگۆکانی سەرۆکەکانی ئۆکرانیا و تورکیا دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی (7ـی تەمموزی 2023)، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، بەوردی چاودێری ئەو تەوەرانە دەکەن کە لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا وڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەشدا، رۆڵی ئەنقەرە لەنێوەندگیریکردن لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەرزدەنرخێنن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا پەرەپێدەدەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەیشتە ئەستەنبوڵ، هاوکات لەوێدا بە مەراسیمێکی سەربازی پێشوازی لە زێلێنسکی کرا.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی دوا پێشھاتەکانی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا و رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش کە لە 17ـی تەمووز کۆتایی دێت، دەکرێت.