ئەردۆغان: ئۆکرانیا شایەنی ئەوەیە ببێتە ئەندامی ناتۆ

رەجەب تەیب ئەردۆغان - ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە ئیستانبوڵ 7/7/2023 - فۆتۆ: AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان - ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە ئیستانبوڵ 7/7/2023 - فۆتۆ: AA

K24 – هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: بێگومان ئۆکرانیا شایەنی ئەوەیە ببێتە ئەندامی ناتۆ.

لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیان لە ئیستانبوڵ ئەردۆغان گوتی: "پەیوەندی تەلەفۆنی زۆرمان لەگەڵیدا (زێلێنسکی) ھەبووە و دەشبێت، لە بەرامبەر پێشھاتەکاندا، دۆستایەتی تورکیا و ئۆکرانیا لە ھەموو روویەکەوە بەھێزتر بووە، لەو شەڕەدا کە لە رۆژی 500ـەمینی دایە، گەلی ئۆکراینا بەرگری لە یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکەن، ئێمە ھەموو ھەوڵێکمان خستەگەڕ بۆ رێگریکردن لە جەنگەکە لەو ساتەوەختەی کە مەترسی سەرھەڵدانی ململانێکان دەستیپێکردبوو".

گوتیشی: "لەوەتەی لکاندنی کریمیا بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی 2014ـەوە، پشتیوانی خۆمان بۆ یەکپارچەیی خاک، سەروەری و سەربەخۆیی ئۆکرانیا لەسەر ھەموو سەکۆیەکان دەربڕی. ھەروەھا ھاوسۆزی خۆمان لەگەڵ ئۆکرانیا بە کردار نیشان دا بە پێشکەشکردنی ھاوکاری بەرجەستە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و مرۆیی و تەکنیکی".

لەبارەی پرسی بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ھاوپەیمانی ناتۆ کرد، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "بێگومان ئۆکرانیا شایەنی ئەوەیە ببێتە ئەندامی ئەو ھاوپەیمانێتییە".

راشیگەیاند: "ھەموو جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش دەکەین بۆ دووبارە ھەڵساندنەوەی ئۆکراینا".

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا ئەردۆغان ئاشکرای کرد: "لەبارەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، گوێبیستی سەرۆکی ئۆکرانیا بووین، لەگەڵ لایەنی رووسیاش لە گفتوگۆ داین، مانگی داھاتوودا پوتین سەردانی تورکیا دەکات و دووبارە دەرفەتی ئەوەمان دەبێت رووبەڕوو تاوتوێی ئەمە (ئاڵوگۆڕی دیلەکان) بکەین".

ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لەو کۆنفرانسیە رۆژنامەوانیەدا گوتی: " سوپاسگوزارم بۆ پشتیوانی بەردەوامی تورکیا لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری ئۆکرانیا، هەروەها سوپاسگوزارم بۆ پاڵپشتیتان بۆ دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای رەش و دەستپێشخەری گواستنەوەی دانەوێڵە لە ئۆکرانیا".

سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاسگوزاری خۆی بۆ گوتەکانی ئەردۆغان دەربڕی بەوەی کە گوتوویەتی "ئۆکراینا شایەنی ئەوەیە ببێتە ئەندامی ناتۆ".

دوێنێ هەینی (7ـی تەمموزی 2023)، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەیشتە ئیستانبوڵ و بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات ئەردۆغان و زێلێنسکی کۆبوونەوە.