جەزائیر 30 ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەن کردنەوەی شاری جنین تەرخان کرد

عەبدولمەجید تەبون و مەحمود عەباس
عەبدولمەجید تەبون و مەحمود عەباس

K24 - هەولێر

سەرۆکایەتی جەزائیر رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی فەڵەستین داوای هاوکاری دارایی لە سەرۆکی جەزائیر کردووە، بۆ نۆژەن کردنەوەی شاری جنین، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە چەند رۆژێک لەمەوبەر وێران کرا.

سەرۆکایەتی جەزائیر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، عەبدولمەجید تەبون، سەرۆکی جەزائیر بڕیاری دا، بڕی 30 ملیۆن دۆلار بۆ فەڵەستین تەرخان بکات، بۆ نۆژەن کردنەوەی شاری جنین، کە بەهۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای ئیسرائیلەوە، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، لە هێرشە سەربازییەکەی سوپای ئیسرائیلدا، 12 فەلەستینی و سەربازێکی ئیسرائیلی کوژران، هەروەها بووە هۆکاری وێرانبوونی خان و باڵەخانەکانی ئەو شارە، هەروەها  ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانیش ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت.

رۆژی هەینی، تەبون نامەیەکی لە مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستینەوە پێگەیشت سوپاس و پێزانینی خۆی و گەلی فەلەستینی پێگەیاند، لەبەرامبەر ئەو هاوکارییە داراییەی کە بۆ نۆژەنکردنەوەی شاری جنین تەرخانی کردووە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شاری جنین لە فەلەستین، کە 12 هاووڵاتی فەلەستینی کوژران، هەروەها سەربازێکی ئیسرائیلی لەو هێرشەدا کوژرا.