هه‌ردوو وه‌زیری ناوخۆی ئێران و عێراق كۆبوونه‌وه‌

K24 - هەولێر:

وەزیرانی ناوخۆی عێراق و ئێران رێککەوتن لەسەر کردنەوەی بنکەی سنووریی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، عەبدولئەمیر شممەری لە دەروازى سنووریی زەرباتییە لە پارێزگاى واست باشوورى عێراق هاوسنووری ئێران پێشوازیی لە هاوتا ئێرانییەکەی، ئەحمەد وەحیدی کرد.

عەبدولئەمیر ئه‌لشممەری وەزیری ناوخۆی عێراق له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ هاوتا ئێرانییەکەی، ئەحمەد وەحیدی رێککەوتوون لەسەر کردنەوەی بنکەی سنووریی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

دوای کۆبوونەوەی نێوانیان، هەردوو وەزیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستەڕوو.

سەرەتا، وەزیری ناوخۆی عێراق، گوتی: "ئەمڕۆ لە دەروازه‌ى سنووریی زەرباتییە لە پارێزگاى واست بە دیاریکراوی لە بارەگای فەرماندەیی ناوچەی سێی پاسەوانی سنوور، پێشوازییمان لە وەزیری ناوخۆی ئێران و شاندی یاوەری کرد و پێکەوە کۆبووینەوە".

ئه‌لشممەری گوتیشی: "هەریەک لە پارێزگاری بەسرە و پارێزگاری واست هەروەها سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای هەردوو وڵات بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.

وەزیری ناوخۆی عێراق راشیگەیاند، ئامانج لە سەردانەکە بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی و هاوکارییە، بەتایبەت لەبواری کۆنترۆڵکردنی سنووری نێودەوڵەتیی، هەروەها ئامادەکاریی بۆ پێشوازیی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان و بەشداریکردنیان لە چلە ماتەمینیی ئیمام حوسێن.

عەبدولئەمیر شممەری گوتیشی: "رێککەوتین لەسەر هەماهەنگیی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەنێوان هەردوولا و کردنەوەی بنکەی سنووریی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆ زیارەتکاران".