بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەڕێگای هەولێر- مەخموور 3 کەس گیانیان لەدەستدا

K24 – هەولێر:

لە نزیک گەڕەکی مامزاوەی شاری هەولێر، لە رێگەی سەرەکی هەولێر-مەخموور، لە رووداوێکی هاتووچۆدا ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و سێ کەس گیانیان لە دەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئێوارەی ئەمڕۆ (8ـی تەمموزی 2023)، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێک کە شەش سەرنشینی تێدابوو لە ئەنجامی خێرایی خۆی دەکێشێت بە یەکێک لە تاسەکانی رێگای هەولێر- مەخموور و وەردەگەڕێت، لە ئەنجامدا شۆفێری ئۆتۆمبێل و دوو سەرنشینی کە منداڵێکی و هاوژینەکەی بووە گیان لەدەستدەدەن، هەروەها سێ لە منداڵەکانی دیکەشی زامداربوون.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سێ کەس لە ئەندامانی ئەو خێزانە لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای شاری هەولێر چارەسەریان بۆ دەکرێت و تەرمی سێ قوربانییەکەش براوەتە پزیشکی دادی لە شاری هەولێر، چاوەڕواندەکرێت پشکنین بۆ تەرمەکان بکرێت و رادەستی کەسوکاریان بکرێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە مەڕوان غەفووری، پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار لەبارەی رەوشی تەندروستی منداڵەکان، بۆ کوردستان24، گووتی: "تەمەنی بریندارەکان یەکێکیان نزیکەی دوو ساڵە، منداڵی دووەمیش تەمەنی حەوت ساڵە، ئەوەی دیکەیان تەمەنی نزیکەی 12 ساڵە، هەرسێکیان باری تەندروستییان ناجێگیرە، یەکیان لەژێر چاودێری چڕی هەناسەداندایە و دوو لە منداڵەکان تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوونە، یەکێکیشیان بڕبرەی پشتی شکاوە و بە هەمان شێوە مێشکی تووشی خوێنبەربوون بووە".

ئەو پزیشکە ئاماژەی جەختی کەسەر ئەوە کردەوە کە تەندروستی هەر سێ منداڵەکە ناجێگیرە.

هاوکات پەیامنێری کوردستان24، گووتی: عەلا عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی خێزانەکەیەوە لە دایکبووی ساڵی 1983ـیە، خێزانەکەشی سیهام عەبدوڵڵا لە دایکبووی ساڵی 1993ـیە، عەبدولڕەحمان عەلا کوڕیان لە دایکبووی ساڵی 2010ـیە، هەرسێکیان لە کاتی رووداوەکەدا گیان لەدەستداوە، سێ منداڵکەی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای شاری هەولێرن و چارەسەری پزیشکیان بۆ دەکرێت.

ئامۆزایاکی عەلا عەبدوڵڵا ساڵح، بە کوردستان24ـی راگەیاند، عەقید عەلا عەبدوڵڵا ساڵح، بەڕێوبەری هەواڵگری دۆمیزی شاری کەرکووک بووە و پێشووتریش بەڕێوبەری هەواڵگری داقوق بووە، بە سەردان هاتووەتە شاری هەولێر، لە دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێدەکەون بۆ مەخموور تووشی ئەم رووداوە دەبن.