هەسەدە: شەڕڤانەکانمان بەشدارییان لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا نەکردووە

ئاڵا و ژمارەیەک شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە | وێنە: AFP
ئاڵا و ژمارەیەک شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە | وێنە: AFP

K24 - هەولێر

هێزەکانی سووریا دیموکرات – هەسەدە رەتیدەکاتەوە هیچ شەڕڤانێکی بەشداریی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کردبێت و دەڵێت، ئەو دەزگایانەی دەنگۆی لەو شێوەیە بڵاودەکەنەوە "بە سەرچاوە متمانەپێنەکراوەکانیان" بەناوبانگن.

ئێوارەی رۆژی شەممە 8ـی تەممووزی 2023، هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە راگەیەندراوێکی لەبارەی دەنگۆی بەشداریکردنی شەڕڤانەکانی لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بڵاوکردەوە و تێیدا رەتیدەکاتەوە هیچ شەڕڤانێکی بەشداریی لەو جەنگەدا کردبێت.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی هەسەدەدا ئاماژە بەوە دراوە، "ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن هەواڵی هەڵبەستراو  و لایەنداریان لەبارەی دەنگۆی بەشداریکردنی شەڕڤانەکانمان لە جەنگی بەردەوامی ئۆکرانیا بڵاوکردووەتەوە و جەخت لەوە دەکەینەوە ئەو هەواڵانە ناڕاستن و بێ بنەمان".

وەکو ئەوەی هەسەدە لە راگەیەندراوەکەیدا باسی کردووە، ئەو دەزگایانەی ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاودەکەنەوە "بە سەرچاوە متمانەپێنەکراوەکانیان" بەناوبانگن و بەشداریکردنی شەڕڤانەکانی لەو جەنگەدا "لەگەڵ کارە لە پێشیەنە نیشتمانییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات یەکناگرێتەوە".

501 رۆژ بەسەر جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت. تا ئێستا دەیان هەزار سەربازی ریزەکانی هەردوولا کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش بریندارن. بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی جەنگەکەوە زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی ناوچەکە بوون.

هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لەوە دەکاتەوە، شەڕڤانەکانی پەیوەندییان بە هیچ جەنگێکی دەرەوەی خاکی سووریاوە نییە و کارە لە پێشینەکەیان پاراستنی  خاک و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی رابردوو (7ـی تەممووزی 2023)، ئاژانسی هەواڵی سپوتینکی رووسی لە راپۆرتێکی خۆیدا ئاماژەی بەوە دابوو، ئەمەریکا نزیکەی 650 شەڕڤانی هەسەدەی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە گواستوویەتییەوە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی لە دژی سەربازەکانی رووسیا بجەنگن.

ئەمەریکا ژمارەیەک بنکەی سەربازی و زیاتر لە 900 سەربازی لە رۆژئاوی کوردستان هەیە. رۆژی پێنج شەممە 22ـی حوزەیرانی 2023، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا لە لێدوانێکیدا بە تەلەفزیۆنی RT رووسی راگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ توندڕەوەکان لە سووریا بۆ کردەوەی تیرۆریستی زیاتر لە خاکی ئەو وڵاتە، هەروەها لەوانەیە پەیوەندی راستەوخۆی هەبێت بە هەوڵدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری.